کێری: ئێران و روسیا پێویستە ئەسەد ناچار بە دانۆستان بکەن

کێری: ئێران و روسیا پێویستە ئەسەد ناچار بە دانۆستان بکەن
"جۆن کێری" وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هیوای خواستووە، ئێران و روسیا لە رێگای کاریگەریی خۆیان لە سەر "بەشار ئەسەد" سەرۆک کۆماری سوریا، ئەو ناچار بکەن کە لە دانۆستانەکانی پەیوەندیدار بە قەیرانی ئەو وڵاتە بەشداری بکات.


بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی "بی بی سی"، "جۆن کێڕی" دوای گفتوگۆی لەگەڵ "فیلیپ هامۆند" وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە لەندەن گوتی: "ئێمە پێویستمان بەوە هەیە کە بچینە ناو دانۆستان. ئەوە ئەو شتەیە کە بە دوایدا دەگەرەین و هیوادارین روسیا و ئێران یان هەر وەلاتێکی خاوەن کاریگەری یارمەتیدەر بن بۆ بەرێوەچوونی ئەو دانۆستانە".

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لە سەر روانینی پێشووی ئەمەریکا لە سەر پێویستی دەست لە کار کێشانەوەی "بەشار ئەسەد" کردەوە، بەڵام گوتیشی، کاتی گواستنەوەی دەسەڵات دەبێت لە ناو دانۆستانەکان دیار بکرێت. ئەو هەروەها گوتیشی، پێسویست نییە دەست لە کارکێشانەوەی "ئەسەد" لە "هەمان رۆژی یەکەم یان مانگی یەکەم بەرێوە بچێت".

"جۆن کێری" گوتی: "ئێمە ئامادەی دانۆستانین، ئایا ئەسەدیش ئامادەیە دانۆستان بکات، دانۆستانی راستەقینە؟ ئایا روسیا ئامادەیە ئەو ناچار بکات بێتە سەر مێزی دانۆستان؟".

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رۆژی رابردوو ئامادەیی ئەمەریکا بۆ دانۆستانی سەربازی لەگەڵ روسیا لەبارەی قەیرانی سوریای راگەیاند و جەختیشی کردەوە کە سەرۆکی ئەمەریکا پێی وایە دانۆستانی سەربازی لەگەڵ روسیا هەنگاوێکی گرنگە لە وەرچەرخانەکانی پەیوەندیدار بە سوریا.

روسیاش لە وەڵامی وتەکانی "جۆن کێری" رایگەیاندووە، مۆسکۆش ئامادەیە دانۆستان لەگەڵ ئەمەریکا بکات.
Top