ئەمریکا داوا لە پەکەکە دەکات هێرشەکانی بۆ سەر تورکیا رابگرێت

 ئەمریکا داوا لە پەکەکە دەکات هێرشەکانی بۆ سەر تورکیا رابگرێت
برێت مەکگۆرک، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوا لە پەکەکە دەکات بە زووترین کات شەڕ لە دژی تورکیا رابگرێت و ئەو گرووپەش بە تێکدانی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی حورییەتی تورکی مەکگۆرک باس لە رێککەوتنی ئەنقەرە و واشنتن و شەڕ لە دژی پەکەکە دەکات. مەکگۆرک، دەڵێت " پەکەکە هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا و هەموو رۆژێک هێرش دەکات لە نێو تورکیا و دەبێت بو زووترین کات ئەو هێرشانە بووەستێنێت".

مەکگۆرک ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات" وەڵامدانەوەی تورکیا و مافی بەرگری لە خۆی یەکێکە لە پرەنسیپە سەرەکییەکانی ئەمریکا و مامەڵەکردن لەگەڵ تورکیا وەکو هاوپەیمانێکی گرنگ".

ئەو بەرپرسە ئەمریکیە پەکەکە بە هەڵگیرسانەوەی شەڕ تۆمەتبار دەکات و دەڵێ " ئەو هێرشانە لەلایەن پەکەکەوە دەستیان پێکرد، ئەگەر پەکەکە هێرشی نەکردبایە تورکیا هێرشی ئاسمانی نەدەکردە سەریان بۆیە ئەگەر پەکەکە هێرش بکات تورکیا مافی خۆیەتی هێرشیان بکاتەوە سەریان”.

هەر لەو دیدارەدا مەکگۆرک داوا لە هەردوولا کرد پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکەنەوە و واز لە توندوتیژی بهێنن.

"لەبارەی ئەوەی بۆچی تورکیا زیاتر هێرش دەکاتە سەر پەکەکە بەراورد بە داعش" مەکگۆرک گوتی " ئەمە کێشەیەکی تەکنیکییە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا رێکدەخرێت و، بەمزوانە لە بنکەی ئاسمانی ئەنجەرلیکەوە بە هاوبەشی هێرش دەکرێتە سەر داعش".

برێت مەکگورک دەشڵێت " ئەمریکا هیچ سەری نەسووڕماوە لەوەی تورکیا هێرشی کردووەتە سەر پەکەکە، چونکە پەکەکە هێرشی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە".

لەبارەی پەکەکەشەوە مەکگۆرک دوپاتی کردەوە کە " پەکەکە لەلای ئەمریکاوە گرووپێکی تیرۆرستییە، بەڵام پەیەدە بارودۆخێکێ تایبەتی هەیە و، بەپێی یاسای ئەمریکا ئێمە هاوکاریان دەکەین لە دژی داعش هەتا شەڕی داعشیش مابێت بەردوام دەبین لە هاوکاریکردنیان".

هەروەها باسی لەوەش کرد کە "هەموو هێرشەکانی هاوپەیمانان لە دژی داعش لە بنکەی سەربازی ئەمریکا لە قەتەرەوە رێکدەخرێن، کە ئۆپەراسیۆنەکانی هەولێریش بەشێکن لێیان".










رووداو
Top