جێگری سەرۆكوەزیرانی كۆریای باكوور بە بڕیاری كیم جۆنگ ئۆون لەسێدارە درا

جێگری سەرۆكوەزیرانی كۆریای باكوور بە بڕیاری كیم جۆنگ ئۆون لەسێدارە درا
بە پێی چەند ڕاپۆرتێك كە لە كۆریای باشوورەوە بڵاو كراوەتەوە، “چو یۆنگ گۆن”، جێگری سەرۆكوەزیرانی كۆریای باكوور، بە بڕیاری “كیم جۆنگ ئۆون”ی سەرۆكی كۆریای باكوور، لە سێدارە دراوە.

ئاژانسی (یونهاب)ی كۆریای باشوور ئاشكرای كرد، بە هۆی ئەوەی كیم جۆنگ ئۆون، لە كارەكانی چو یۆنگ گۆن، لە بواری نەمام چاندن ڕازی نەبووە، لە سێدارەی داوە. ئەوەش ئاشكرا كراوە كە لەو كاتەوەی كیم سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتەی گرتووەتە دەست، لانی كەم 70 بەرپرسی باڵا بە شێوەی جۆراوجۆر كوژراون.

هەر لەمبارەیەوە (بی بی سی) بڵاوی كردووەتەوە كە هەرچەندە نەیتوانیوە لە كوژرانی چو یۆنگ دڵنیا ببێتەوە، بەڵام لانی كەم، لە مانگی 12/2014ەوە تائێستا، ئەو بەرپرسە باڵایە لە نێو كۆریای باكووردا نەبینراوە.

چو یۆنگ گۆن، جێگری سەرۆكوەزیرانی كۆریای باكوور بۆ كاروباری بیناسازی و پیشەسازیی كەرەستە بیناسازییەكانە، لە مانگی 6/2014ەوە لەو پۆستەدا كار دەكات و یەكێكە لە 7 جێگرەكەی سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە.

بەپێی زانیارییەكان، لە 4 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، كیم جۆنگ ئۆون، 15 بەرپرسی لە سێدارە داوە كە بەشێكیان لە كەرتی نەمام چاندندا بوون و هۆكاری كوشتنەكەشیان بۆ ناڕەزاییی كیم لە پلانی نەمام چاندنیان بووە، بەڵام نازانرێت كە ئاخۆ یەكێك لەو بەرپرسانە چو یۆنگە یان نا، وەك (BBC) ئاماژەی پێ‌ داوە.

هاوكات لە مانگی 5/2015دا، كیم جۆنگ ئۆون، هەڵسا بە بەستنەوەی “هیون یۆنگ چوول”، وەزیری بەرگریی كۆریای باكوور، بە مووشەكێكی دژە فڕۆكە و بە تۆمەتی ڕێز نەگرتنی سەرۆك، مووشەكەكەی تەقاند و بەو هۆیەوە كوژرا.

باس لەوە دەكرێت، كۆریای باكوور بە دەست خراپترین وشكەساڵییەوە دەناڵێنێت كە سەدەیەك دەبێت نموونەی لەو جۆرە وشكەساڵییەی تێدا نەبووە و 3 لە سەر 4ی زەوییە كشتوكاڵییەكانی وشك بوون. بۆیە ئەو وڵاتە ناچار بووە لە ساڵی 2014ەوە، پلانێكی چڕ بۆ كار كردن بە خانووی پلاستیكی پەیڕەو بكات.

پێشتر كیم جۆنگ ئۆون لە وتارێكدا ڕایگەیاندبوو: “دارستانەكانی وڵاتمان لە بەردەم دوو ئەگەری جیاواز دان، یان بە تەواوەتی لە ناو دەچن، یان ژیانیان بۆ دەگەڕێتەوە”. ڕەخنەشی لە بەرپرسانی بوارەكە گرت كە لە جیاتی ناشتنی درەختی زیاتر بۆ ڕێگە گرتن لە دووبارە بوونەوەی لافاو، هەڵساون بە چارەسەر كردنی ئەنجامی لافاوەكان.











باسنيوز
Top