لایەنگرانی سەرۆکی یەمەن سەنتەری شاری ئیب گەمارۆ دەدەن

 لایەنگرانی سەرۆکی یەمەن سەنتەری شاری ئیب گەمارۆ دەدەن
هێزی بەرگری میللی یەمەن کە لە لایەنگرانی عەبدرەبە مەنسور سەرۆکی یەمەن و چەکدارانی هۆزەکان پێکدێت، هێرشیان کردە سەر شاری زەمماری باشووری سەنعای پایتەخت، لەبەرامبەریشدا چەکدارانی حوسی بە جموجۆڵ کەوتوون بۆ هێرشکردنە سەر شاری ئەرحەب لە باکووری سەنعا.

فەرماندەکانی هیزی بەرگری میللی دەڵێن کە هێزەکانیان لەسەنتەری شاری ئیب نزیک بوونەتەوە و تەنیا دوو کیلۆمەتریان ماوە بگەنە پاریزگاکە. هەروەها سەرجەم شارۆچکەکانی سەر بەو پاریزگایەیان کۆنترۆڵ کردووە و وەکو خۆیان جەختی لێدەکەنەوە هەموو رێگا سەرەکییەکانی گەیشتن بۆ حوسییەکانیان کۆنترۆڵ کردووە.

هێرشی هێزی بەرگری میللی بۆ سەر شاری زەمماریش بۆ ئەوەیە کە سەنگەرەکانی بەرگری حوسییەکان لە شاری ئیب لاواز بێت و لە باشووریشەوە لە سەنعای پایتەخت نزیکیان بکاتەوە.

ئێستاش چەکدارانی بەرگری میللی دەستیان کردووە بە دانانی خاڵی پشکنین لە سەر رێگای سەرەکی سەربازگەی حەمزە لە رۆژهەڵاتی شاری ئیب کە بەدەستی حوسییەکانەوەیە، هەروەها لە گرد و بەرزاییەکانی نزیک سەربازگەکەش بڵاوبوونەتەوە.

عەبدولکەریم سەعیل، گوتەبێژی هیزی بەرگری لە شاری ئەرحەب دەڵێت حوسییەکان هێزێکی زۆر و ژمارەیەکی زۆری چەکی قورسیان لە گوندی جەنادبە کۆکردووەتەوە و بەنیازن هێرش بکەنە سەر شاری ئەرحەب.

ئێستا حاڵەتێک لە چاوەڕوانی و چاودێری باڵی بەسەر ناوچەکەدا گرتووە.














رووداو
Top