ئێران: گەورەترین تاقیگەی وزەی ناوکی لە رۆژهەڵاتی ناڤین دروست دەکەین

ئێران: گەورەترین تاقیگەی وزەی ناوکی لە رۆژهەڵاتی ناڤین دروست دەکەین
“عەلی ئەکبەر ساڵحی” سەرۆکی رێکخراوی وزەی ناوکیی حکوومەتی ئێران ڕایگەیاندووە، مەبەستمانە کە گەورەترین تاقیگەی وزەی ناوکی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە تاران دروست بکەین.

ئەو بەرپرسە کە ئەندامی شاندی دانوستانکاری ئێران لەگەڵ گرووپی پێنج کۆ یەکیش بووە بە هەواڵدەرییەکانی گوتووە، حکوومەتی ئێران لە ویست و داواکارییەکانی خۆی پاشگەز نابێتەوە و هیچ وڵاتێکیش ناتوانێ هێڵی سوور بۆ ئێمە دیاری بکات.

ساڵحی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێمە بە هیچ شێوەیەک بەرنامە ناوکییەکەمان راناگرین و درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین و تەنیا لەسەر شێوازی چالاکییە ناوکییەکانمان لەگەڵ ڕۆژئاوا رێککەوتووین.

چەند ڕۆژ لەمەوبەریش باراک ئۆباما سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەونیدا رایگەیاندبوو، ئەو رێککەوتنەی وڵاتانی رۆژئاوایی و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، کۆتایی بە ناکۆکییەکان ناهێنێت.

سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوەشی خستبوویەڕوو، ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناڤیندا یارمەتیدەری تیرۆریزمە و لەو کارەشی بەردەوام دەبێت.

هەر لەو پێوەندییەدا عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی شەممە لە کاتی رێوڕەسمی نوێژی رۆژی جێژنی ڕەمەزاندا رایگەیاندبوو، بە هیچ شێوەیەک سیاسەتمان بەرامبەر ئەمەریکا گۆڕانی بەسەردا نایەت.

رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەشی خستبوویەڕوو، ئێمە ئەو وڵاتانە دڵنیا دەکەینەوە کە دەست لەپشتیوانی کردنی دۆستەکانمان لە ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناڤین هەڵناگرین.











باسنيوز
Top