بەهۆی شەڕەوە خەڵکى يەمەن کەمتر گرنگی بە پێداویستییەکانی جەژن دەدەن

بەهۆی شەڕەوە خەڵکى يەمەن  کەمتر گرنگی بە پێداویستییەکانی جەژن دەدەن
شەڕ و ناکۆکییە نێوخۆییەکانی یەمەن باڵی بەسەر خۆشییەکانی خەڵک بە بۆنەی جەژنی رەمەزان کێشا و تەنانەت بە ئامادەکارییەکانی جەژن و دابینکردنی پێداویستییەکانیشیەوە دیار بوو.

بازاڕەکان هەموو شتێکی تێدایە، بەڵام بەشێکی زۆری کڕیاران بە هۆی کاریگەری جەنگ لەسەر ژیانیان، بە بێگارییەوە کەلوپەلەکانی جەژنیان دەکڕی.

حەمید حوسێن هاووڵاتییەکی یەمەنی دەڵێت:" سوپاس بۆ خوا سەرەڕای ئەو نەهامەتی و بارودۆخە ناهەموارەی تووشی بووین، هێشتا باشین، دەبینی خەڵک هێشتا باشن ئەمە حیکمەتە".

ئاوارەبوونی زۆربەی خیزانە یەمەنییەکان و سەرقاڵی خەڵک بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵک کەمتر بایەخ بە کڕینی پیداویستییەکانی جەژن بدەن.

ساڵح لوقمان هاووڵاتییەکەی یەمەنی پێیوایە:"ساڵی رابردوو دونیا خێر و خۆشی و هەرزانی بوو، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی شەری دووژمنکارانەی سەر یەمەن هەموو شتێک گران بووە".

ئەوەی زیاتر بووە هۆی بێ بایەخبوونی ئەم بۆنەیە لای یەمەنییەکان نەبوونی خەڵات و جەژنانە بوو لە لایەن حکومەتەوە، چونکە یەمەنییەکان وا راهاتوون ساڵانە لە مانگی رەمەزاندا وەریبگرن، جگە لەمەش بەشێکی فەرمانبەران کارەکانیان لەدەستداوە.

حەیدەر حەسەن یەکێکی دیکە لە هاووڵاتیانی یەمەنی دەڵێت:" گوزەرانی خەڵک خراپە، تەنانەت بەهۆی رووداوەکانەوە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەوان ناتوانن مووچە دابین بکەن دوو سێ مانگ جارێک دابەشی دەکەن خوا پشت و پەنامان بێت".

زۆربەی ئەوانە بە ئومێدن ئەم قەیرانە چیدی درێژە نەکێشی کە بووەتە هۆی ئەوەی خۆشی جەژنیان لێ تێکبدات، هەروەها بە هیوان ئەم جەژنە دوا یادگاریی ناخۆشیان بێت.

جەژنی ئەمجارە میوانێکی رەزا سوک نەبوو بۆ یەمەنییەکان، جەژنێک کە جەنگ و ناکۆکییەکان هیچ خۆشییەکی بۆیان نەهێشت و تەنانەت بووە هۆی گرانبوونی پێداویستییەکانی خەڵکیش.














رووداو
Top