ئاشتن کارتەر دەگاتە ئیسرائیل

 ئاشتن کارتەر دەگاتە ئیسرائیل
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 19-7-2015، ئاشتن کارتەر، وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگاتە ئۆرشەلیمی پایتەختی ئیسرائیل.

چاوەڕێدەکرێت لەو سەردانەيدا کارتەر چاوی بە سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بكەوێت. ئەم سەردانەی کارتەر کە لە چوارچێوەی گەشتێکیدایە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دوای واژۆکردنی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 دێت.

ئیسرائیل دەیانجار ناڕەزایی و نیگەرانی خۆی سەبارەت بەو رێکەوتننامەیە دەربڕیبوو. چاوەڕێدەکرێت لە کۆبوونەوەکانی کارتەریشدا لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆرشەلیم، لایەنی ئیسرائیلی ئەو نیگەرانیانە دووپاتبکاتەوە.

لە بەرامبەردا سەرچاوەیەکی نێو پنتاگۆن رایگەیاند: "رێکەتننامە ئەتۆمییەکە هیچ گۆڕانکارییەک لەسەر بابەتی هەماهەنگی سەربازی نێوان ئێمە و وڵاتانی هاوپەیمانمان دروست ناكات، بەتایبەتیش ئیسرائیل".

کارتەر لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا جگە لە ئیسرائیل، سەردانی سعودیە و ئوردنیش دەکات.














رووداو
Top