چەکدارانی تووندڕەو 5 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی میسریان کوشت

چەکدارانی تووندڕەو 5 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی میسریان کوشت
سەرچاوە ئەمنییەکانی میسر ئاشکرایان کرد 5 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە خاڵێکی پشکنین لەباکووری سینا کوژراون.

گرووپی ویلایەتی سینا-ی سەر بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر بەرپرسیاریەتی خۆی لەو هێرشە راگەیاند، کە کراوەتە سەر ئەو خاڵە پشکنینەی هێزە ئەمنییەکانی میسر لە باکووری سینا.

سوپای میسریش لەسەر زاری گوتەبێژێکیی سەربازیی کوژرانی 3 سەرباز و برینداربوونی 4 سەربازی دیکەی لە هێرشێک بە گوللـە ئارپیجییەک لەناوچەی ئەبو زوید راگەیاند.

لە راگەیێندراوێکی دیکەشدا، گوتەبێژێکی سەربازیی سوپای میسر، کوژرانی 20 چەکداری تووندڕەوی لە ناوچەی جەبەل عەلیقە راگەیاند.

عەبدولفەتاح سیسی سەرۆککۆماری میسر سەبارەت بە رادەی کاریگەری هێرشەکانی ئەو چەکدارە تووندڕەوانە پێشتر رایگەیاندبوو"چەکدارانی تووندڕە و هەڕەشەیان بۆ سەر میسر و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و وڵاتانی رۆژئاوا دروستکردووە" و جەختیشی لەرووبەڕووبوونەوەیان کردەوە.

لەسەرەتای هێرشەکانی چەکدارانی تووندڕەو بۆ سەر هێزەکانی سوپای میسر تاکو ئێستا بەسەدان سەربازی میسری کوژراون، لەبەرامبەریشدا سوپای میسر لە دوای هێرشێکی فراوانی چەکدارانی تووندڕە و لە مانگی تەممووزەوە، هێرشیان بۆ سەریان چڕکردووەتەوە.











رووداو
Top