کامیرۆن: پابەندین بە لەناوبردنی داعش

 کامیرۆن: پابەندین بە لەناوبردنی داعش
دەیڤید کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە دیمانەیەکی کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکیدا رایگەیاند وڵاتەکەی دەیەوێت بەشدارییەکی چالاکتری لە جەنگی دژی داعشدا هەبێت، بۆیەش پێویستی بە پشتگیری پەرلەمانی بەریتانیا هەیە.

ساڵی 2013 پەرلەمانی بەریتانیا دژی چالاکی سوپای بەریتانیا لە سووریا دەنگی دابوو.

کامیرۆن هەروەها هۆشداریی دایە ئەو گەنجانەی بیر لە چوونە ناو رێکخراوی داعش دەکەنەوە، کە چارەنووسیان کوژران دەبێت، کامیرۆن دەڵێت "گەر کوڕ بیت مێشکت دەشۆنەوە، ئینجا بۆمبێکت لێدەبەستن و دواتر دەتتەقێننەوە. گەر کچیش بیت ئەوە دەتکەن بە کۆیلە و بەئامانجەکانی خۆیان بەکارتدەهێنن".

سەبارەت بە بەشداری چالاکتری بەریتانیا لە جەنگی دژی داعشدا کامیرۆن ئاماژە بەوە دەدات، کە حکومەت سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەم پرسەیە لەگەڵ پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن، جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گومانی تێدا نییە بەریتانیا پابەندە بە هاوکارییکردنی ئەمریکا بۆ لە ناوبردنی ئەو رێکخراوە لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا.

هەفتەی پێشوو هاریەت هارمەن، سەرۆکی کاتی پارتی کاری بەریتانیا، بانگهێشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی بەریتانیا کرابوو، ئەمەش دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ رەزامەندی پەرلەمان لە داهاتوویەکی نزیکدا لەسەر فراوانکردنەوەی مەودای هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئەم وڵاتە لە عێراقەوە بۆ سووریاش.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، فڕۆکەوانەکانی هێزی ئاسمانی بەریتانیا وەکو بەشێک لە هێزی ئاسمانی ئەمریکا بەشداری چەند هێرشێکی ئاسمانیان کردبوو لە ناو خاکی سووریا، پارتی کار و پارتی لیبراڵ دیموکراتی بەریتانیا لەسەر ئەم پرسە داوای روونکردنەوەیان لە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا کردبوو.

نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیرانی بەریتانیا پشتڕاستی کردەوە، کە دەیڤید کامیرۆن ئاگای لە چالاکییەی فڕۆکەوانەکانی هێزی ئاسمانی بەریتانیا بووە.

بڕیارە رۆژی دووشەممە دەیڤید کامیرۆن گوتارێک پێشکەش بکات سەبارەت بە ستراتیژی داهاتووی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرادیکاڵکردن و توندڕەوی، وەک لە دیمانەکەدا دەڵێت بەشێک لە پەیامی وتارەکەی بریتی دەبێت لەوەی "بەهاکانی کۆمەڵگای بەریتانیا باشترین چەکن بۆ جەنگی گوتاری شێوێنەری توندڕەوە ئیسلامییەکان".



















رووداو
Top