خامنەیی: دەبێ خۆمان بۆ شەڕ لەگەڵ ئەمەریکا ئامادە بکەین

خامنەیی: دەبێ خۆمان بۆ شەڕ لەگەڵ ئەمەریکا ئامادە بکەین
“عەلی خامنەیی” رێبەری حکوومەتی ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە، پێویستە پاش کۆتایی دانوستانەکان خۆمان بۆ شەڕ لەگەڵ ئەمەریکا و ڕۆژئاوا ئامادە بکەین.

خامنەیی ڕۆژی رابردوو لە کۆڕی ژمارەیەک خوێندکاردا قسەی کردووە و گوتوویەتی: هیچکات شەڕ لەگەڵ “زاڵم” کۆتایی نایەت و پاش دانوستانەکانیش دەبێ شەڕمان بە دژی ئەمەریکا درێژەی هەبێت.

رێبەری کۆماری ئیسلامی باسی لەوەش کردووە، ئەمەریکا مەبەستی لەگەمارۆ خستنە سەر ئێران پرسی ناوکی و مافی مرۆڤ نییە، بەڵکوو مەبەستیان لەناو بردنی ئیسلامە.

ئەو قسانەی عەلی خامنەیی لە حاڵێک دایە کە حەفتەی رابردوو عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی ئێران باسی لە ئەگەری کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تاران کردبوو.

کارناسان و شارەزایانی سیاسی لەو باوەڕە دان کە رەشنووسی رێککەوتنامەکە هەتا رادەیەک کۆتایی پێهاتووە و ئەگەری هەیە کە ئەمشەو رابگەیەندرێ.

لە پەیوەندی لەگەڵ قسەکانی عەلی خامنەیی، بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیری ئیسرائیل گوتوویەتی: ئێمە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین کە ئێران سیاسەتی هەڕەشە ئامیز بگرێتە بەر.

نتانیاهۆ سەبارەت بە دانوستانە ناوکییەکانیش ئاشکرای کردووە، ئەمەریکا دەبێ ئەوە باش بزانێ کە خەریکی رێککەوتنێکی زۆر خراپ لەگەڵ ئێرانە و قسەکانی خامنەیش پێمان دەڵێ کە ئێران هەر ئەو ئێرانە مەترسیدارەی ساڵانی پێشوویە.



















باسنيوز
Top