سعوودیە: لە بەرانبەر دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوچەدا دەوەستینەوە

سعوودیە: لە بەرانبەر دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوچەدا دەوەستینەوە
عادل جبیر وەزیری کاروباری دەرەوەی سعوودیا پێداگری وڵاتەکەی سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی دووپات کردەوە.

وەزیری دەرەوەی سعوودیا لە سەردانێکدا بۆ وڵاتی ئەردەن باسی لەوە کردووە، ئێران خەریکە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتدا دەستێوەردانی کاروباری وڵاتان دەکات و دەبێ پێشی پێ بگیردرێ.

جبیر لە قسەکانیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێمە وەکوو وڵاتی سعوودیا لەسەر ئەوە سوورین لە ناوچەدا بەرپەرچی کارە نەرێنییەکانی ئێران بدەینەوە.

بە گوتەی ئەو لێپرسراوە، کارەکانی وڵاتەکەی هەتا رادەیەک توانیویەتی پێش بە دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری یەمەندا بگرێت و لەسەر ئەو هەوڵەش بەردەوام دەبین.

وڵاتی سعوودیا و ئێران لەسەر پرسی یەمەن کێشەیان هەیە و سعوودیا پێی وایە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستێوەردانی کاروباری یەمەن لە دراوسێیەتی سعوودا دەکات.

هەتا ئێستە وڵاتی سعوودیا ئێرانی بەوە تاوانبار کردووە کە پشتیوانی لە حوسییەکانی یەمەن دەکات و لە رێگەی ئەوانەوە دەیەوێ حکوومەتی شەرعی و رەوای ئەو وڵاتە لەناو ببات.

لە هەمبەریشدا ئێران نەیشاردووەتەوە کە شیعەکانی ناوچە پێویستیان بە یارمەتییەکانی حکوومەتی ئێران هەیە و ئەو بیروبۆچوونەش لە قسە و گوتەکانی بەرپرسانی ئێراندا ڕەنگی داوەتەوە.



























باسنیوز
Top