سەرچاوەكانی ئێران: سەرۆكی حووسییەكانی یەمەن كوژرا

سەرچاوەكانی ئێران: سەرۆكی حووسییەكانی یەمەن كوژرا
كەناڵی تەلەفزیۆنیی “ئەلعالەم”ی سەر بە كۆماری ئیسلامیی ئێران هەواڵی كوژرانی “عەبدولمەلك ئەلحووسی” سەرۆكی چەكدارە حووسییەكانی یەمەنی بڵاو كردووەتەوە.

كەناڵی “العالم” لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر و بە پشتبەستن بە سەرچاوە تایبەتەكان لە پارێزگای “سەعدە”ی یەمەن بڵاوی كردووەتەوە كە عەبدولمەلەك ئەلحووسی لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی فڕۆكە جەنگییەكانی سعوودیە لەژێر ناوی “گەردەلوولی یەكلایی كرەوە”دا كوژراوە.

هەرچەند هەتا ئێستە كەناڵی تەلەفزیۆنیی “المسیرە”ی سەر بە حووسییەكان ئەم هەواڵەی بڵاو نەكردووەتەوە.، بەپیی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە نێت چەند رۆژێکە هەواڵی کوژرانی عەبدولمەلک ئەلحووسی بڵاو بووەتەوە، بەڵام لەسەر داوای “عەلی عەبدوڵلا ساڵح” سەرکۆماری وەلانراوی یەمەن بڵاو نەکراوەتەوە.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە نێت لەبارەی ئەگەر راست بوونی ئەم هەواڵە و پرسی جێگرەوە عەبدولمەلك ئەلحووسی نووسیویە :”بێگومان هەركەس بۆ رێبەریی حووسییەكان دیاری بكرێت، دەبێ‌ لەلایەن ئێران و بەرپرسانی باڵاوە پەسەند بكرێت.”

ئەمریكا، سعوودیە و وڵاتانی رۆژئاوایی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە هاندەر و پاڵپشتی سەرەكیی چەكدارە حووسییەكانی یەمەن تۆمەتبار دەكەن و بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ لە رۆژانی رابردوودا چەند ئەفسەرێكی ئێرانیی سەر بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە چەند شارێكی یەمەن كوژراون.

چەكدارە شیعە حووسییەكان بە كوودەتا بەدژی حكوومەتی یاسایی یەمەن، دەستیان داوەتە كۆنترۆڵی بەشێكی بەرین لە خاكی یەمەن و بەتایبەتی سەنعا پایتەختی ئەو وڵاتە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە “عەبد رەبە مەنسوور هادی” سەركۆماری یەمەن بۆ ماوەیەك لە ماڵەكەی خۆی گەمارۆ بدرێت و سەرەنجام سەنعای بەجێهێشت و لە عەدەن نیشتەجێ‌ بوو.

هێرش و پێشڕەویی حووسییەكان بە مەبەستی كۆنترۆڵێ‌ شاری عەدەن و قووڵبوونەوەی قەیرانە ناوخۆییەكان بووە هۆی دەسپێكی ئۆپەراسیۆنی “گەردەلوولی یەكلایی كەرەوە” لەلایەن هاوپەیمانێـتی ناوچەیی بە رێبەریی سعوودیە.
Top