سەرۆکی حکوومەت پێشوازیی لە باڵوێزی تایلاند لە ئوردن و عێراق كرد
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی 8ی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە سوپارک پرۆنگسورە، باڵوێزی شانشینی تایلاند لە ئوردن و عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا کرا.
باڵوێزی تایلاند ئاماژەی بە مەبەستی سەردانەکەی دا، کە لەگەڵ شاندێکی بازرگانیی تایلاندی هاتوون، بۆ برەودان بە پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای بەرژەوەنديی هاوبەش دەربڕی.