ئه‌نجوومه‌نی پیران، سووككردنی سزاكانی سه‌ر ئێران تێناپه‌ڕێنێت
سی ئێن ئێن له زاری (ستیڤ سكالیس)ه‌وه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ''ئه‌و سزایانه‌ی سه‌پێندراون.. پێش چه‌ند ساڵێك و جارێكی دی له لایه‌ن هه‌ردوو پارتیی كۆماری و دیموكراته‌كانه‌وه پشتیوانیی كرا، سزاكان كاریگه‌ریشن.. تاكه ڕێگه‌یش بۆ به‌یه‌كجاری هه‌ڵگرتنیان، ده‌بێ به ده‌نگدان له كۆنگرێس بڕیاری لێ بدرێت، ئێمه‌یش هێشتا ئه‌و ده‌نگانه‌مان نین. باوه‌ڕیشم وا نییه له كۆشكی سپییه‌وه تێپه‌ڕێندرێ.''
ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی كه ئیداره‌كه‌ی (باراك ئۆباما) له‌باره‌ی چه‌كی ناوكییه‌وه، هه‌فته‌ی رابردوو كردوویه‌تی، بۆ سووككردنی سزاكانی سه‌ر ئێرانه؛ هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئێران هه‌نگاوی جیددی بۆ ڕێكخستنی به‌رنامه ناوكییه‌كه‌ی بنێ.
(سكالیس) كه له‌سه‌ر حیسابی ویلایه‌تی لویزانا ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پیرانه هه‌روه‌ها گوتی، ئه‌م پرسه ڕه‌زامه‌ندیی كۆنگرێسی ده‌وێ، سزاكانیش ده‌بێ بمێننه‌وه تا ئێران له توندڕۆیی داده‌ماڵرێ و هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ سه‌ر ئیسرائیل ده‌وه‌ستێنێ، هه‌روه‌ها به‌رنامه ناوكییه‌كه‌ی به ته‌واوی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.. ئه‌مه‌یش ئه‌و مه‌رجه‌یه كه (ئۆباما) ده‌ڵێ ناواقیعییه.
ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستیشی كاتێك ڕێككه‌وتنه‌كه بخرێته ده‌نگدانه‌وه، (سكالیس) ده‌ڵێ، ''پشتوانی له‌و ڕێككه‌وتنه ناكه‌م، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یبینم''، جه‌ختیشی كرده‌وه له‌وه‌ی كه، كۆنگرێس ده‌بێ ڕۆڵی هه‌بێ له ڕێككه‌وتنی كۆتایی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا، پێداگریشی كرد به‌وه‌ی كه ده‌بێ، وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پێوه‌ست به به‌رنامه‌ی ناوكیی ئێرانه‌وه ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بێ و ''ئێمه ده‌بێ له گوشاره‌كانمان به‌رده‌وام بین.''