فڕۆكە جەنگییەكانی كەنەدا یەكەم هێرش دژی داعش ئەنجامدەدەن

 فڕۆكە جەنگییەكانی كەنەدا یەكەم هێرش دژی داعش ئەنجامدەدەن
وەزارەتی بەرگری كەنەدا ئاشكرایكرد، فڕۆكە جەنگییەكانی هێزی ئاسمانی كەنەدا یەكەم هێرشی ئاسمانیانیان دژی بنكە و بارەگاكانی چەكدارانی سەربە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە سووریا ئەنجامدا.

وەزارەتی بەرگری كەنەدا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند :"2 فڕۆكەی جەنگی جۆری (F-16)ی كەنەدی لەگەڵ فڕۆكە جەنگییەكانی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەشداریان لە بۆردومانكردنی بنكەیەكی سەربازی داعش كرد لە نزیك شاری رەقە، لە باكووری سووریا".

گوتیشی: "ئەو هێرشە ئاسمانییە لەلایەن 10 فڕۆكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە و 6 فڕۆكەیان ئەمریكی بوون، دوانیشیان کەنەدی بوون، بەڵام ئاشکرای نەکرد ئەو دوو فڕۆکەی دیکە سەر بە چ وڵاتێک بوون".

تۆم لاوسون، سوپاسالاری كەنەدا لەمبارەیەوە گوتی: "هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی كەنەدا سەركەوتوبووە و فڕۆكەكانیش بەبێ هیچ زیانێك گەڕانەوە بنكەكانی خۆیان".

پێشتریش فڕۆكە جەنگییەكانی كەنەدا 3 جار بە ئاسمانی سووریادا سوڕاونەتەوە، بەڵام ئەمە یەكەمجارە بەشداری لە هێرشی ئاسمانی لەو وڵاتەدا دەكەن".

لە 30 ئاداری رابردوو پەرلەمانی كەنەدا رەزامەندی لەسەر فراوانكردنی بەشداری سەربازی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات دژی رێكخراوی داعش لە سووریاو عێراق نیشاندا.









رووداو
Top