سعودیە بەدرێژایی 900 كیلۆمەتر لە سنووری عێراق پەرژین لێدەدات

 سعودیە بەدرێژایی 900 كیلۆمەتر لە سنووری عێراق پەرژین لێدەدات
حكومەتی سعودیە ئاشكرایكرد، كە بەدرێژایی 900 كیلۆمەتر پەرژینی لە سنووری نێوان وڵاتەكەی و عێراق دروستكردووە، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ پاراستنی ئاسایشی سعودیە و رێگەگرتن لە دزەكردنی تو‌وندڕەوەكان و قاچاخچێتیكردن بە چەك و ماددەی هۆشبەر.

میدیا فەرمییەكانی سعودیە، ئاماژەیان بەوە كردووە ئەو وڵاتە ماوەیەكە سەرقاڵی دروستكردنی ئەو پەرژینەیە و ئێستا قۆناغی یەكەمی ئەو پرۆژەیە تەواو بووە و پەرژینەكەش لە نزیك سنووری نێوان هەرسێ وڵاتی، عێراق، كوەیت و سعودیە درێژدەبێتەوە تا نزیك بە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی شاری تواریف نزیكی سنووری ئوردن.

بەگوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ لە سعودیەوە، ئەو پەرژینە لە پێنج چین هێڵی دوابەدوای یەك پێكدێت، كە تاوەری چاودێری لەسەر دانراوە و بەردەوام پاسەوانانی سنوور چاودێری دەكەن‌و نزیكەی 50 راداریش بەدرێژایی پەرژینەكە دابەشكراون و چەندین كامێری شەوانەش لە شوێنە جیاوازەكاندا دادەنرێن.

بەرپرسانی سعودی دەڵێن ئەو پەرژینە بۆ رێگەگرتنە لە قاچاخچێتی چەك و ماددەی هۆشبەر و هەروەها هاتنی چەكدارانی گرووپە توندڕەوەكان لە عێراقەوە بۆ سعودیە.





رووداو
Top