وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا: ئەحمەد گۆدانی كوژراوە

 وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا: ئەحمەد گۆدانی كوژراوە
وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، رایگەیاند ئەحمەد گۆدانی سەركردەی گرووپی تو‌وندڕەوی ئەلشەباب گرێدراو بە رێكخراوی ئەلقاعیدە لە هێرشە ئاسمانییەكانی هەفتەی رابردووی ئەمریكا لە سۆماڵ كوژراوە.

رۆژی 1ی سێپتەمبەر سوپای ئەمریكا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە ناوچەكانی باشووری سۆماڵ بۆ سەر گرووپی ئەلشەباب ئەنجامدا و هەواڵەكان باسیان لەوەدەكرد، كە ئامانج لەو هێرشانە، چەند سەركردەیەكی ئەو گرووپە بووە، كاتێك لەو ناوچەیەی هێرشیكراوەتەسەر كۆبوونەوەیان هەبووە.

پنتاگۆن هەواڵی كوژرانی گۆدانی پشتڕاستكردەوە و جۆن كێربی گوتەبێژی پنتاگۆن پێنج رۆژ دوای ئەو هێرشانە، گوتی "هێرشەكان ئەو سەركردەیەی ئەلشەباب و چەند سەركردەیەكی دیكەی گرووپەكەیان كردووەتە ئامانج و توانیویانە ئامانجی خۆیان بپێكن".

هێرشەكانی ئەمریكا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان سەرلەبەیانی رۆژی یەكی سێپتێمبەر لە ناوچەكانی باراوی باشووری سو‌ودان بە هاوكاری هێزەكانی یەكێتی ئەفریقا لە سۆماڵ ئەنجامدران .

ئەحمەد گۆدانی سەركردەی یەكەمی گرووپی ئەلشەباب بوو كە لەساڵی 2006ەوە لە سۆماڵ دامەزراوە و چەند ناوچەیەكی باشووری سوودانی خستووەتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە، یەكێك لە دیارترین چالاكییەكانی ئەو گرووپە، هێرشكردنە سەر مۆڵێكی شاری نایرۆبی پایتەختی كینیا بوو لە ساڵی 2013 كە كوژرانی 67 كەسی لێكەوەتەوە.





رووداو
Top