ئەمجارە رووبەرووبوونەوەى داعش لە عێراق هاوشێوەى ساڵى 2003 نابێت

 ئەمجارە رووبەرووبوونەوەى داعش لە عێراق هاوشێوەى ساڵى 2003 نابێت
وەزارەتى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا رایگەیاند ئەو هاوپەیمانیە نێودەوڵەتییەى ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەى رێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى ناسراو بە داعش هەوڵى پێکهێنانى دەدات، هیچ پەیوەندى بەو هاوپەیمانیەتیەوە نییە کە لە ساڵى 2003 بۆ رووخاندنى رژێمى سەدام حوسێن ئەمریکا سەرکردایەتى کرد".

مارى هارف گوتەبێژى وەزارەتى دەروەوەى ئەمریکا لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا گوتى: "نامانەوێ بەهیچ شێوەیەک هەوڵەکانى ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەى داعش هاوشێوەى هەوڵەکانى ساڵى 2003 ى ئەمریکا بێت لە عێراق، هاوكات هەمان ستراتیژیەتیش ناگرینەبەرو پرسەکەش پەیوەندى بە پێکهێنانى هاوپەیمانیەتی ئەمریکییەوە نییە بەڵکو پەیوەندى بە هاوپەیمانیەتیەکى نێودەوڵەتییەوە هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەى رێکخراوى داعش".

ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکاو چەندین وڵاتى دیکەى ئەندام لە پەیمانى ناتۆ لە ميانى لوتکەى نیۆبۆرت لەسەر پێکهێنانى هاوپەیمانیەتییەک رێککەوتون کە هەر یەک لە وڵاتانى ئەمریکا، بەریتانیاو فەرەنسا، ئەڵمانیاو ئیتاڵیا، کەنەداو دانیمارک، تورکیاو بۆڵەندا لەخۆدەگرێت سەرەڕاى ئوستوڕاڵیا کە لە پەیمانى ناتۆ ئەندام نییە, هەروەها دەکرێت لە داهاتوو فراوانتربکرێت بە شێوەیەک وڵاتانى عەرەبیش بگرێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەى رێکخراوى داعش کە ئێستا رووبەرێکى فراوانى خاکى سووریاو عێراقى کۆنترۆڵکردوە.

دواى دەرکردنى مەسیحیەکانى شارى موسڵ و کوشتوبڕکردنى ئێزدیەکان، مانگى رابردوو ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا هێرشی ئاسمانى دژى بنکەو بارەگاکانى چەکدارانى داعشی دەستپێکرد، وەکو هاوکاریکردنى هێزى پێشمەرگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى ئەو ناوچانەى لە لایەن چەکداراى داعش کۆنتڕۆڵکرابوون.









رووداو
Top