داودئۆغڵو بە سەرۆكی ئاكەپە هەڵبژێردرا

 داودئۆغڵو بە سەرۆكی ئاكەپە هەڵبژێردرا
ئەحمەد داودئۆغڵو بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی یەكەم كۆنگرەی نائاسایی پارتی داد و گەشەپێدان بە دووەم سەرۆكی ئەو پارتە هەڵبژێردرا.
ئەمڕۆ یەكەمین كۆنگرەی نائاسایی پارتی داد و گەشەپێدان AKP لە هۆڵی وەرزشی ئارێنا لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە كۆنگرەكەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری هەڵبژێردراوی توركیا دوایین گوتاری خۆی وەك سەرۆكی پارتەكە پێشكەشكرد و لە كۆتاییدا رایگەیاند پارتی داد و گەشەپێدان كە بە خۆشەویست و ئەڤینی خۆی ناوی برد ئەمانەتی خودا و ئەندامانی پارتەكە دەكات.

دوای ئەویش ئەحمەد داودئۆغڵو، تەنها كاندیدی پارتەكە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی گوتارێكی پێشكەشكرد و بەڵێنی بە ئەردۆغان دا كە رەهایانە پابەندبێ بەو بنەمایانەی ساڵی 2001 لە دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێداندا وەك كۆڵەكەی سەرەكی پارتەكە داڕێژراون.

لە ئەنجامی ئەو دەنگدانە نهێنییەش كە ئەنجامدرا، ئەحمەد داودئۆغڵو بە سەرۆكی نوێی پارتی داد و گەشەپێدان هەڵبژێردرا. هەنگاوی داهاتوو بۆ داودئۆغڵو پێكهێنانی حكومەتی نوێیە كە بە پێی لێدوانی ئەردۆغان چاوەڕوان دەكرێت تاوەكو رۆژی هەینی بگاتە ئەنجام.

ژیاننامەی ئەحمەد داودئۆغڵو
ئەحمەد داو ئۆغڵو 26-2-1959 لە شاری كۆنیا لە توركیا لەدایكبووە.
لە ساڵی 2009 وەك وەزیری دەرەوەی توركیا كاری كردووە.
ژیانی خوێندن:
1- ئەحمەد داود ئۆغڵو ئامادەیی ئیستەنبوڵی كوڕانی تەواوكردووە.
2- لە ساڵی خوێندنی 1983-1984 لە زانكۆی بۆغازیچی لە شاری ئیستەنبوڵ دەستی بە خوێندنی بەشی ئابووری و سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان كردووە.
3- لەبەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی هەمان زانكۆ بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرای وەرگرتووە.
4- لەساڵی 1990 لە زانكۆی مالیزیای نێودەوڵەتی ئیسلامی وەك پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دەستبەكاردەبێت و دواتریش بەشی سیاسەت لەو زانكۆیە دەكاتەوە، پاشان لە ساڵی 1993 دەبێتە سەرۆكی ئەو بەشە.
5- لەنێوان ساڵانی 1995-1999 لە زانكۆی ماڕمەڕە لەبەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان كاری كردووە.
6-لە نێوان ساڵانی 1998-2002 لەبەشی ئەكادیمیای سەربازی و ئەكادیمیای جەنگ وەك وانەبێژ كاری كردووە.
ژیانی سیاسی
1- ئەحمەد داود ئۆغڵو ئەندامی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدارە لە توركیا و لەسەر لیستی ئەو پارتەش وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیەتی.
2-داود ئۆغڵو لەماوە سەرۆككۆماری ئەحمەد نەجدەت سیزار و لەماوەی سەرۆكوەزیرانی عەبدوڵڵا گیول لە ساڵی 2003 وە وەك راوێژكاری حكومەتی توركیا بۆ كار و باری سیاسەتی دەرەوە دەستی بەكاركردووە.
3-بووەتە راوێژكاری رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكوەزیرانی توركیا بۆ كاروباری دەرەوە.

4-لە ساڵی 2009 دەكرێت بە وەزیری دەرەوەی توركیا.

ژیانی كۆمەڵایەتی
ئەحمەد داود ئۆغڵو خێزاندارە و خاوەنی 4 منداڵە.
هەریەكە لە زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی و ئەڵمانی دەزانێت.

خاوەنی یەكێك لە پەرتووكە ناودارەكانی توركیایە لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە ناونیشانی ( قوڵایی ستراتیژی).

خاوەنی تێزی "سفر كێشەیە" لە پەیوەندییەكانی دەرەوە.






رووداو
Top