بەلژیكا هاوكاریی مرۆیی رەوانەی كوردستان دەكات

 بەلژیكا هاوكاریی مرۆیی رەوانەی كوردستان دەكات
حكومەتی بەلژیكا بڕیاردەدات هاوكاریی مرۆیی پێشكەش بە باشووری كوردستان بكات و بۆ ئەو مەبەستەش 2 ملیۆن یۆرۆ تەرخاندەكات.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، حكومەتی بەلژیكا بڕیاریداوە هاوكاریی مرۆیی پێشكەشی كوردستان بكات و بۆ ئەو مەبەستەش دوو ملیۆن یۆرۆی تەرخانكردووە، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی جۆری (C-130) راستەوخۆ لە بەلژیكاوە بەرەو هەولێری پایتەخت بەڕێبكەوێ و هاوكارییەكان بگەیەنێت.

بەپێی قسەی دلاوەر ئاژگەیی، حكومەتی بەلژیكا وەك ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەیی هاوكاریی سەربازیی پێشكەشی هیچ لایەنێكی دەرەكی ناكات، "بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئەركە قورسەی كە لە سەرشانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، پرسی هاوكاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە تاوتوێ دەكەن و ئەو پرسە بە كراوەیی دەهێڵنەوە".

جگە لە هاوكاریی مرۆیی، تاوەكو ئێستا حەوت وڵاتی جیهان ئامادەیی خۆیان بۆ هاوكاری سەربازی كورد نیشانداوە و رایانگەیاندووە كە كورد پێویستی بە چەكە لە جەنگی دژ بە داعش، لەو وڵاتەناش وەك فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، دانیمارك، كرواتیا، كەنەدا و ئەلبانیا.

جگە لەو حەوت وڵاتە، چەند وڵاتێكی دیكە هەن ئامادەییان بۆ ناردنی چەك نیشانداوە یان هاوكاریی سەربازی هێزی پێسمەرگەی كوردستانیان كردووە، لەوانە ئەڵمانیا، كە هەردوو وەزیری دەرەوە و بەرگری باسیان لە پێویستی ناردنی چەك بۆ هێزی پێشمەرگە كردووە.

ئێرانیش یەكێكە لەو وڵاتانەی كە هاوكاریی سەربازی كوردى كردووە و رۆژی سێشەممە 26-8-2014 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە میانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف كە لە هەولێر سازدرا، رایگەیاند كە یەكەمین وڵات وەڵامی داواكاری كوردی داوەتەوە بۆ هاوكاری سەربازيی ئێران بووە. نەرویژ و ئوسترالیاش لەو وڵاتانەن كە باسی ئەگەری هاوكاری سەربازییان بۆ كورد كردووە، بەڵام تا ئێستا بڕیارێكی یەكلاییكەرەوە لەو بارەیەوە نەدراوە.

هەروەها لە راگەیێندراوێكدا وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، داوای لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە جیهان كرد كە هاوكاری زیاتری خەڵكی عێراق و هێزی كورد بكەن لە جەنگی دژ بە چەكدارانی داعش.








رووداو
Top