ئەردۆغان: بزووتنەوەکەمان لە کانیاوی ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری ئاوی خواردووەتەوە

 ئەردۆغان: بزووتنەوەکەمان لە کانیاوی ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری ئاوی خواردووەتەوە
رەجەب تەییب ئەردۆغان لە دوایین وتاری خۆیدا وەک سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان، لە باسکردنی ئەو سەرچاوانەی بزووتنەوەکەی ئیلهامی لێوەردگەێت ناوی هەر یەک لە ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری هێنا.

ئەمڕۆ 27-8-2014 پارتی داد و گەشەپێدان یەکەم کۆنگرەی نائاسایی خۆی سازکرد. ئەوەش بۆ دیاریکردنی سەرۆکی نوێ بۆ پارتەکە، کە هاوکات دەبێتە سەرۆک وەزیرانی نوێی تورکیا.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی تورکیا کە 28-8-2014 سوێندی یاسایی بۆ دەخوات و لە کۆشکی سەرۆکایەتی دەستبەکاردەبێت، رایگەیاند دەست لە پارتەکەی دەکێشێتەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی دەستووری تورکیا رێگە نادات بە سەرۆککۆمار کاری سیاسی بکات.

لە کۆنگرەکەشدا کە لە کوردستانەوە شاندێکی باڵا بە سەرکردایەتی نێچیرڤان بارزانی بەشداریکردبوو، ئەردۆغان دوایین وتاری خۆی وەک سەرۆکی پارتەکەی پێشکەشکرد.

لە وتارەکەدا ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەنجامی ئەم کۆنگرەیە تەنها ناوی سەرۆکی پارتەکە دەگۆڕدرێت، بەڵام ناوەڕۆکی بزووتنەوەکە ناگۆڕدرێت. لەبەرئەوەی پێی وابوو بزووتنەوەکە خەباتی حەقە لەگەڵ ناحەقی و لە حەزرەتی ئاددەمەوە بۆیان ماوەتەوە.

رەجەب تەییب ئەردۆغان باسی لەو کەسایەتییانەش کرد کە بە بزووتنەوەکەی ئیلهامی لێ وەرگرتوون و دوای باسکردنی، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) و ژمارەیەک لە هۆنەرانی مێژوویی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەنادۆڵ، ناوی هەر یەک لە ئەحمەدی خانی و مەلای جەزیری هێنا و وەکو دوو کانیاوی پاک وەسفی کردن کە بزووتنەوەکە ئاوی لێخواردووەتەوە.

کۆنگرەکە ئەمڕۆ هەتا ئێوارە کارەکانی تەواو دەکات و چاوەڕوان دەکرێت ئەحمەد داودئۆغڵو، کە تاکە کاندیدە بە سەرۆکی نوێ هەڵببژێردرێت.








رووداو
Top