سبەی، تورکیا بڕیار دەدات

 سبەی، تورکیا بڕیار دەدات
سبەی یەکشەممە، نزیکەی 53 ملیۆن دەنگدەری تورکیایی ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن، تا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بەشداری بکەن کە، هەریەک لە کاندیدی پارتیی داد و گەشەپێدان، (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان)، کاندیدی تەوافوقی چەند پارتیێکی ئۆپۆزسین(ئەکمەلەددین ئیحسانئۆغڵو) و کاندیدی پارتیی دیموکراتی گەلان(سەڵاحەددین دەمیرتاش)، ڕکابەری لەپیناوی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا دەکەن.

بۆ یەکەمجارە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەدا وێنەی کاندیدەکان بەسەر کارتی دەنگدانەوە بێت.

پرۆسەی دەنگدان سبەی سەعات 8 بە کاتی تورکیا دەست پێ دەکات و تا سەعات 6-ی ئێوارەیش دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا کراوە دەبێت.

سبەی کە ڕۆژی دەنگدانە بە سێ کاندیدە ڕکابەرەکەی پۆستی سەرۆککۆمار، کڕین و فرۆشتنی مەی لە 6-ی بەیانییەوە و بۆ ماوەی 24 سەعات قەدەقە دەکرێت.. هەروەها هەڵگرتنی چەک بێجگە لە ئەو هێزە ئەمنییەی کە ئاساییشی ڕۆژی دەنگدانی پێ سپێردراو، هیچ لایەن و دەستگایەکی دی بۆی نییە چەکی پێ بێ.

هەر بە هۆی پرۆسەی دەنگدانەوە، کۆی ئەو شوێنانەی بۆ کاتبەسەربردنن، بە قاوەخانە و کافینێتەکانیشەوە دادەخرێن.

بەرەنجامی پرۆسەی دەنگدانیش 11-ی ئۆگەست ڕادەگەینرێت و لە ئەگەری بڕیاردان لە سازدانەوەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، ئەو وادەیە بۆ پڕوپاگندە تا 15-ی مانگی داهاتوو ڕێی پێ دەدرێتەوە.
Top