له‌ لیبیا هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى تازه‌ ده‌ستیپێكرد

له‌ لیبیا هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى تازه‌ ده‌ستیپێكرد
ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژاردنى گشتى له‌ لیبیا ده‌ستیپێكرد و پێشبینى ده‌كرێ ژماره‌یه‌كى كه‌مى ده‌نگده‌ران به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بكه‌ن. به‌پێى ئاژانسه‌كانى هه‌واڵ، ئه‌مڕۆ ده‌نگده‌رانى لیبیا بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى تازه‌ى وڵاته‌كه‌یان روویان له‌ سندووقه‌كانى ده‌نگدان كرد و به‌ڵام پێشبینى ده‌كرێت، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ى ساڵى دوو هه‌زارو دوازده‌ ژماره‌یه‌كى كه‌م له‌ ده‌نگده‌ران به‌شدارى بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ هۆى ئه‌و شه‌ڕ و پێكدادانه‌ كه‌ رۆژانه‌ له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و چه‌كدارانى لیواى خانه‌نیشن خه‌لیفه‌ حفته‌ر روو ده‌دات.

ئاژانسه‌كان روونیانكردووه‌ته‌وه‌، هه‌ر چه‌نده‌ رێو شوێنى ئه‌منى توند له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى لیبیاوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان گیراوه‌ته‌ به‌ر، به‌ڵام ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ ده‌نگده‌ران له‌ ترسى هێرشه‌كانى چه‌كدارانى خه‌لیفه‌ حفته‌ر ناچن ده‌نگى خۆیان بده‌ن. له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ یه‌ك ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار ده‌نگده‌ر له‌ لیبیا ناوى خۆیان بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نووسیوه‌ له‌ كاتێكدا له‌ ساڵى دوو هه‌زارو دوازده‌ ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان له‌و ساڵه‌ به‌شدارییانكرد، ژماره‌یان دوو ملیۆن و هه‌شت سه‌د هه‌زار ده‌نگده‌ر بوو.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ یه‌ك ملیۆن و شه‌ش سه‌د كاندیدكراو ركابه‌رى له‌سه‌ر كورسییه‌كانى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن كه‌ ژماره‌یان دوو سه‌د كورسییه‌ و سى و دوو كورسى له‌ كۆى ئه‌و دوو سه‌د كورسییه‌ بۆ ئافره‌ت ته‌رخانكراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش شتێكى تازه‌ له‌ لیبیا هاتووه‌ته‌ ئاوراوه‌ له‌وه‌ى ئافره‌ت بێته‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌.
Top