فڕەنسا داوا دەكا گەمارۆكانى سەر ئێران زیاتر بكرێ

فڕەنسا داوا دەكا گەمارۆكانى سەر ئێران زیاتر بكرێ
وەزیرى دەرەوەى فڕەنسا داواى كرد گەمارۆكانى سەر ئێران زیاتر بكرێن.

لۆرن فابیۆس راى گەیاند، نوێترین راپۆرتى ئاژانسى ناودەوڵەتیی وزەى ناوكەیی لەبارەى پرسى ناوكەییی ئێرانەوە ئەوە پێشان دەدا كە ئەو وڵاتە هیچ گۆڕانكارییەكى لە هەڵوێستەكانى ئەنجام نەداوە، وارگەى رادیۆ (فەردا) ئەم هەواڵەى گواستەوە.

زیاتر گوتى \"بەپێى راپۆرتەى ئاژانسى ناودەوڵەتیی وزە، ئێران بە پاككردنەوەى وێستگەى پارچین و دروستكردنى كۆسپ لە بەردەم لێكۆڵینەوەى ورد بووەتە هۆى ئاشكرانەبوونى راستییەكان.

ئاژانسى ناودەوڵەتیی وزەى ناوكەیی لە دوایین راپۆرتى خۆى كە رەوانەى ئەنجوومەنى ئاسایشى كردووە، راى گەیاند كە بەرپرسانى ئێران دەستیان داوەتە پلەى دامەزراوەى ناوكەییی (پارچین) و ئاژانس ناتوانێ لێكۆڵینەوە بكا ئاخۆ لەو وێستگەیەدا لێكۆڵینەوە بۆ دروستكردنى چەكى ناوكەیی ئەنجام دراوە یان نا.

ئێران ئەو راپۆرتەى ئاژانسى وزە بە بیانوویەك بۆ راگرتنى بەرنامەى ناوكەیی وڵاتەكەى ناو دەبا.

ئەمەریكا و وڵاتانى ئەوروپایی لە بەرنامەى ناوكەییی ئێران بەگومانن و تا ئێستە چەندان گەمارۆ دژى ئەو وڵاتە دەركراوە، بەڵام تاران ئەو تۆمەتانە بە پاش دەداتەوە و بەردەوام دووپات لە ئاشتیخوازیى بەرنامەى ناوكەییی خۆى دەكاتەوە.

تا ئێستە چەندان كۆبوونەوە لە نێوان ئێران و گرووپى 5+1 لەبارەى بەرنامەى ناوكەیی ئەو وڵاتە بەڕێوە چووە، بەڵام تا ئێستە هیچ ئەنجامێكى لێ نەكەوتووەتەوە و چەندان گەمارۆ لەلایەن ئەمەریكا و یەكەتیی ئەوروپاوە دژى ئێران دەرچووە.













ئاكانیوز"
Top