داود ئۆغڵو لە نیویۆرك پرسى پەنابەرانى سووریایی دەخاتە بەرباس

داود ئۆغڵو لە نیویۆرك پرسى پەنابەرانى سووریایی دەخاتە بەرباس
ئەحمەد داود ئۆغڵو وەزیرى دەرەوەى توركیا لە كۆبوونەوەى ئەنجوومەنى تەناهیى نەتەوە یەكگرتووەكان كە ئەمڕۆ پێنجشەم لە نیویۆرك بەڕێوە دەچێ، پرسى ئەو پەنابەرە سووریاییانە دەخاتە بەرباس كە پەنایان بردووەتە بەر وڵاتەكەى، ئاژانسى \"ئەنادۆڵ\""ى توركى گواستییەوە.
بەپێى سەرچاوەكە، داود ئۆغڵو لەسەر داواكاریى ڕەسمى فڕەنسا كە ئێستە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنى تەناهیى نەتەوەیەكگرتووەكان دەكا ئامادەى كۆبوونەوەكەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنەكە دەبێ كە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنى دۆخى پەنابەرانى سووریا و پرسى ئەو پەنابەرانە دەخاتە بەرباس كە پەنایان بردووەتە بەر وڵاتەكەى.

كۆبوونەوەكە لە نووسینگەى سەرەكیى نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوە دەچێ و وەزیرى دەرەوەى وڵاتانى عێراق و لوبنان و ئوردنى دراوسێى سووریاش ئامادەى كۆبوونەوەكە دەبن.

چاوەڕوان دەكرێ لە كۆبوونەوەكەدا توركیا پێشنیازى خۆى سەبارەت بەدۆخى پەنابەران بخاتە ڕوو كە لە ئەگەرى تێپەڕكردنى ژمارەیان لە 100 هەزار كەس داواى پێكهێنانى ناوچەیەكى ئارام بۆ پەنابەرانى سووریایی دەكا لەناو سنوورى وڵاتەكەیاندا، ئەمە بەپێى هەمان سەرچاوە.














ئاكانیوز"
Top