بان كى مۆن لەگەڵ هەریەك لە خامنەیی و ئەحمەدى نەژاد كۆبووەوە

بان كى مۆن لەگەڵ هەریەك لە خامنەیی و ئەحمەدى نەژاد كۆبووەوە
بان كى مۆن سكرتێرى گشتیی رێكخراوى نەتەوە یەكگرتووەكان ئێوارەى دوێنێ چوارشەم لەگەڵ هەریەك لە عەلى خامنەیی رابەرى ئێران و مەحموود ئەحمەدى نەژاد سەرۆكى ئەو وڵاتە كۆبووەوە.
بان كى مۆن پاش كۆبوونەوەى لەگەڵ خامنەیی و ئەحمەدى نەژاد لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانى راى گەیاند، دڵەڕاوكێى خۆى لەبارەى پێشێلكردنى مافەكانى مرۆڤ لە ئێران بە بەرپرسانى ئەو وڵاتە راگەیاندووە، سەرچاوەكانى هەواڵ ئەمەیان گواستەوە.

لاى خۆیەوە مارتین نسیركى گۆتیارى بان كى مۆن كە ئێستە لە تارانە بە پەیامنێرانى راگەیاندووە، بان كى مۆن لە كۆبوونەوەكەدا رەخنەى لە لێدوانەكانى رابەرى ئێران لەبارەى ئیسرائیل گرت و ئەوەى بە \"بێ رێزى و هاندان\"" لەقەڵەم دا.

پێشتر خامنەیی رەخنەى لە ئیسرائیل گرتبوو و ئەو وڵاتەى بە \""گرێى شێرپەنجە و رێژیمى ساختە\"" ناو بردبوو.

بان كى مۆن هەروەها لە كۆبوونەوەكانى لەگەڵ خامنەیی و ئەحمەدى نەژاد لەبارەى گفتوگۆكانى ئێران و گرووپى 5+1 لەبارەى بەرنامەى ناوكەییی ئێران گفتوگۆى كردووە و دڵەڕاوكەى خۆى لە بەرەوپێشچوونى كەمى ئەو گفتوگۆیانە پێشان دا.

لە بەرامبەردا خامنەیی راى گەیاندووە وڵاتەكەى جەخت لە رۆهەڵاتێكى ناوەڕاستى دامالێراو لە چەكى ناوكەیی دەكاتەوە و راى گەیاندبوو رێكخراوى نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێ لەبارەى سڕینەوەى مەترسییەكان لەبارەى چەكى ناوكەیی هەوڵى خۆى بدا.

خامنەیی گوتى \""بەداخەوە پێكهاتەى رێكخراوى نەتەوە یەكگرتووەكان تەواو نییە و ئەو وڵاتانەى كە خاوەنى چەكى ناوكەیین و ئەزموونى بەكارهێنانیشیان هەیە، دەسەڵاتى ئەنجوومەنى ئاسایشیان گرتووەتە دەست\""، ئاژانسى دەنگوباسى (ئیسنا)ى ئێرانى ئەم هەواڵەى گواستەوە.

زیاتر راى گەیاند \""ئاژانس وزەى ناوكەیی دەبێ لە بوارى زانستى و تەكنیكى هاوكاریی ئێران بكا، بەڵام ئاژانسى ناودەوڵەتیی وزەى ناوكەیی نە تەنیا ئەو كارەى نەكردووە، بگرە بەردەوام كێشەى دروست كردووە\"".

ئەمەریكا و وڵاتانى ئەوروپایی لە بەرنامەى ناوكەییی ئێران بەگومانن و تا ئێستە چەندان گەمارۆ دژى ئەو وڵاتە دەركراوە، بەڵام تاران ئەو تۆمەتانە بە پاش دەداتەوە و بەردەوام دووپات لە ئاشتیخوازیى بەرنامەى ناوكەییی خۆى دەكاتەوە.

تا ئێستە ئەمەریكا و وڵاتانى ئەوروپایی بەهۆى بەردەوامى بەرنامەى ناوكەیی، چەندان گەماریان دژى ئەو وڵاتە دەركردووە و ئەمەش ناڕەزایەتیی بەرپرسانى ئێرانى لێ كەوتووەتەوە.

لە بەشێكى ترى قسەكانى بان كى مۆن ئاماژەى بە پرسى سووریا كرد و داواى كرد ئێران بەپێى ئەو كاریگەرییەى هەیەتى داوا لە رابەرى سووریا بكا توندتیژى لەو وڵاتە رابگرێ بۆ ئەوەى دەرفەتى گفتوگۆكردن لە نێوان هەردوولا دروست بێ.

لە بەرامبەردا خامنەیی گوتى \""ئێران بەپێى باوەڕەكان و پرسە ئاینییەكانى خۆى ئامادەیە هەر هەوڵێك بۆ چارەسەركردنى پرسى سووریا بدا، بەڵام چارەسەركردنى پرسى سووریا مەرجێكى سروشتى دەوێ و ئەویش برێتییە لە راگرتنى هەناردەكردنى چەك بۆ گرووپەكانى ناو سووریا\"".
لاى خۆیەوە ئەحمەدى نەژاد لەبارەى پرسى سووریا گوتى \""هەموو دەبێ هاوكارى بكەن بۆ ئەوەى بەرهەڵستكاران و حكوومەتى سووریا بگەنە رێككەوتنێك بۆ دەست پێكردنى رێگەیەكى سیاسیی ئاشتیخوازانە\"".

لەبارەى پرسى ناوكەییی وڵاتەكەى، ئەحمەدى نەژاد راى گەیاند \""پێمان وایە حكوومەتى ئەمەریكا نایەوێ پرسى ناوكەییی ئێران چارەسەر بكا و دەیەوێ ئەو پرسە بۆ پڕوپاگەندە، گەمارۆ و دژایەتیكردنى ئێران بەكار بێنێ\"".

بان كى مۆن سەرەڕاى ناڕەزایەتیی ئەمەریكا و ئیسرائیل، دوێنێ چوارشەم بە مەبەستى بەشداریكردن لە كۆبوونەوەى وڵاتانى بێ لایەن گەیشتە ئێران و بڕیارە گەشتەكەى سێ رۆژ بخایەنێ.

كۆبوونەوەى وڵاتانى بێلایەن 26ى ئەم مانگە لە تاران دەستى پێ كرد و تا سبەى هەینى بەردەوام دەبێ.














ئاكانیوز"
Top