وارگەیەكی ئیسرائیلی: ئێران خۆشحاڵە بە كوشتار لە سووریا

وارگەیەكی ئیسرائیلی: ئێران خۆشحاڵە بە كوشتار لە سووریا
وارگەى \"نیوز وەن\""ی ئیسرائیلى ئەمڕۆ سێشەم راپۆرتێكى بڵاو كردەوە و ئاماژەى كرد، ئێران خۆشحاڵە بەو كوشتارانەى لە سووریا روو دەدەن و هاوشانى رووسیا و چین بۆ بەرژەوەندییەكانى پشتگیری لە رێژیمى سووریا دەكا.
وارگەگە سەرسڕمانى خۆى دەربڕی لە بێ دەنگبوونى تەواوى دنیا بەرامبەر ئەو كوشتارانەى كە لەلایەن رێژیمى سووریاوە بە سەرۆكایەتیى بەشار ئەسەد ئەنجام دەدرێ و راى گەیاند، ژمارەى كوژراوانى توندوتیژییەكانى سووریا گەیشتووەتە 20 هەزار كەس.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لە كاتێكدا رێژیمی سووریا رۆژانە خوێنى دەیان هاووڵاتى دەڕێژێ و ئێران بە ئاشكرا پشتگیریی لێ دەكا، كەچى وڵاتانى دنیا لە ئاست ئەو تاوانە گەورەیە بێ دەنگن.

ئاماژەى بەوەش كرد، ئاخۆ نەتەوە یەكگرتووەكان جارێكى تر چاودێرانى ناودەوڵەتى دەنێرێتەوە سووریا، ئەگەر ئەوەش كرا دەبێ چاودێرانى ناودەوڵەتى چی بكەن، ئایە دەتوانین رۆژانە راپۆرتێك لەبارەى دۆخی سووریا و ژمارەى ئەو كەسانەى كە لە توندوتیژییەكاندا گیان لەدەست دەدەن بۆ رێكخراوى نەتەوە یەكگرتووەكان بەرز بكەنەوە.

ئەوەشى خستە ڕوو، هیچ لایەك پێشبینى نەدەكرد ئێران بەو شێوەیە پشتگیری لە رێژیمى سووریا بكا لە ئەنجامدانى كوشتاری بە كۆمەڵ و خۆشحاڵبوون لە بەرامبەر ئەو رووداوانەى لە سووریا روو دەدەن.

ئێران چەك دەداتە رێژیمى سووریا و رووسیاش بۆ پاراستنى بەرژەوەندیی ئابوورییەكانى پشتگیری لە هەمان رێژیم دەكا، بەڵام بۆچى ئەمەریكا و وڵاتانى ئەوروپا بە كردەیی هەنگاو نانێن بۆ راگڕتنى خوێنڕشتن لە سووریا، رۆژنامەكە واى گوت.















ئاكانیوز"
Top