واشنتۆن لە سڕینەوەى ناوى "موجاهیدینى خەلق" لە لیستى تیرۆر دەكۆڵێتەوە

واشنتۆن لە سڕینەوەى ناوى
ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا راى گەیاند لە ماوەى 60 رۆژ لە گواستنەوەى تەواوى ئەندامانى رێكخراوى موجاهیدنى خەلقى بەرهەڵستكارى ئێران لە كەمپى ئەشرەف، بڕیار لەسەر داوایەكى ئەو رێكخراوە بۆ سڕینەوەى لە لیستى تیرۆردا دەدا. سایتى رادیۆ سەوا گواستیەوە.

وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریكا دووپاتى كردەوە هیلارى كلینتۆنى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریكا هێشتا بڕیارى نەداوە ناوى موجاهیدینى خەلق لە لیستى ئەمەریكا بۆ رێكخراوە تیرۆریستیەكان بسڕێتەوە.

مارك تونەر جێگرى گۆتیارى وەزارەت گوتى\"كلینتۆن ئەو بڕیارەى بەستووەتەوە بە هاوكاریى ئەو رێكخراوە لە داخستنى كەمپى ئەشرەف لە عێراق، كە بەغدا سوورە لەسەر داخستنى\"".

هەروەها ئاماژەى بەوە دا كلینتۆن پاش 60 رۆژ لە دەرچوونى دواین كاروانى موجاهیدین لە كەمپى ئەشرەف، بڕیار لەبارەى داواكەى ئەو رێكخراوە بۆ سڕینەوەى ناوى لە لیستى رێكخراوە تیرۆریستیەكان دەدا.

وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریكا لە ساڵى 1997دا موجاهیدینى خستە لیستى رێكخراوە تیرۆریستیەكانەوە، بەڵام لایەنگرانى ئەو رێكخراوە كە زیاتر لە ساڵێكە خۆپێشاندان لەبەردەم بارەگاى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریكادا دەكەن، داواى سڕینەوەى ناوەكە دەكەن لەو لیستە و جەخت دەكەن لەوەى رێكخراوەكە تیرۆریست نییە و دژ بە توندوتیژییە.

لە شوبات/فێبرایەرى ئەمساڵەوە نەتەوە یەكگرتووەكان بەچەند كاروانێك دەستى بە گواستنەوەى هەزاران ئەندامى ئەو رێكخراوە لە كەمپى ئەشرەف بۆ كامپى لیبرتى لە رۆئاواى بەغدا كرد و لەوێ دەبن، تا نەتەوە یەكگرتووەكان لە وڵاتێكى سێیەم نیشتەجێیان دەكا."
Top