سەرۆك وەزیرانى ئوردن دەست لەكار دەكێشێتەوە

سەرۆك وەزیرانى ئوردن دەست لەكار دەكێشێتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەم عەون ئەلخەساونە سەرۆك وەزیرانى ئوردن لە بڕیارێكى كتوپڕدا دەست لەكاركێشانەوەى خۆی لە پۆستەكەی راگەیاند.

ئەلخەساونە نامەى دەست لەكاركێشانەوەكەى بە ئیبراهیم ئەلجازى وەزیرى دەوڵەت بۆ كاروباری یاسایی و وەزیرى داد داوە و رای سپاردووە تا بەشێوەیەكى رەسمى پێشكێشى دیوانى شاى ئوردنی بكا، رۆژنامەى \"قودس ئەلعەرەبی\"" بڵاوى كردەوە.

رۆژنامەى \""قودسى ئەلعەرەبی\"" كە وێنەیەكى نامەى دەست لەكاركێشانەوەكەى ئەلخەساونەی بەدەست گەیشتووە، هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەكەى گەڕاندەوە بۆ بڕیارەكەى كۆشكى ئوردن لەبارەى درێژكردنەوەى خولى ئاساییی پەرلەمان بۆ چەند حەوتوویەك، لەكاتێكدا حكوومەتى ئوردن پێشتر داواى كردبوو ماوەى خولەكە بەكۆتا بێ.

كێشەكانى تری نێوان سەرۆك وەزیران و كۆشكى شاى ئوردن تایبەتن بە فایلی هەڵبژاردنەكان و وادەكانى دەسەڵاتى یاسادانان.

ئەلخەساونە ئێستە بەسەردانێك لە توركیایە و چاوەڕوان ناكرێ جارێكى تر بگەڕێتەوە عەمان، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەى كە كێشەكانى لەگەڵ شاى ئوردن گەیشتووەتە ئاستێكى بەرز، رۆژنامەى \""قودسى ئەلعەرەبی\"" واى گوت.

رۆژنامەكە زیاتر روونى كردەوە كە ئەلخەساونە لە نامەى دەست لەكاركێشانەوەكەى باسى هەستیاریی دۆخى ئێستە و تەنگژەى ئابووریی كردووە كە لە ماوەى شەش مانگى فەرمانڕەوایەتیدا وڵات پێیدا تێپەڕیوە.
"
Top