ئه‌حمه‌د ئۆغلۆ: سه‌ركه‌وتنی سیاسه‌ته‌كانی توركیا له‌ رۆژهه‌لاَتی ناوه‌رِاست له‌سه‌ر شه‌ش بنه‌ما وه‌ستاوه‌

ئه‌حمه‌د ئۆغلۆ: سه‌ركه‌وتنی سیاسه‌ته‌كانی توركیا له‌ رۆژهه‌لاَتی ناوه‌رِاست له‌سه‌ر شه‌ش بنه‌ما وه‌ستاوه‌
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا پرۆفیسۆر ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری شه‌رق نامه‌ی توركیدا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر سه‌ركه‌وتنی سیاسه‌ته‌كانی توركیا له‌ رۆژهه‌لاَتی ناوه‌رِاست و ده‌ركه‌وتنی وه‌كو واقیعێكی دانپێنراو له‌ چاره‌سه‌ركردنی دۆسییه‌كانی رۆژهه‌لاَت و خۆگونجاندنی له‌گه‌ڵ پێشهات و ئه‌گه‌ره‌كان، ئۆغلۆ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر شه‌ش ته‌وه‌ر وبنه‌ما كه‌ توركیا له‌ رێگه‌یانه‌وه‌ ده‌توانێ كرانه‌وه‌یه‌كی زیاتر به‌خۆوه‌ ببینێ.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌م شێوه‌یه‌ شرۆڤه‌ی بنه‌ماكانی سیاسه‌ته‌ نوێیه‌كانی توركیا ده‌كات له‌ رۆژهه‌لاَتی ناوه‌رِاست به‌هۆی گرنگییه‌وه‌ ماڵپه‌ری گولاَن به‌ پێویستی زانی ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانی شرۆڤه‌كه‌ی ئۆغلۆ بخاته‌ به‌رچاوی خوێنه‌ران.

ئۆغلۆ ده‌نووسێ: بنه‌مای سێیه‌م شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی مامه‌ڵه‌ی دیبلۆماسییه‌تی توركیایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌كانی ناوخۆو هه‌رێمه‌كانی ولاَتانی دراوسێ، له‌وانه‌ش كاریگه‌رییه‌كانی توركیا به‌سه‌ر به‌لقان و رۆژهه‌لاَتی ناوه‌رِاست و قه‌وقازو ئاسیای ناوه‌رِاست. له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا گرنگییه‌كی زۆریدا به‌ به‌لقان و پاشماوه‌ی كاریگه‌ری و گرنگیدانه‌كانیشی به‌سه‌ر به‌لقان به‌ ته‌واوی به‌جێما، به‌ تایبه‌ت له‌ ته‌نگژه‌كانی بۆسنه‌و هه‌رسك و كۆسۆڤۆ، ئه‌مه‌ به‌ ئاشكرا توانای توركیای ده‌رخست له‌ كاریگه‌ریه‌كانی به‌سه‌ر ناوچه‌ی رۆژهه‌لاَت. ئه‌گه‌ر بێت و كێشه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌و ته‌نگژه‌ی سوری- توركی رۆلێ له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا نه‌گێرابا ئه‌و كات توركیا به‌ ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌ هه‌نگاوی ده‌نا، به‌لاَم ئه‌و دوو ته‌نگژه‌یه‌ تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌ی له‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌نی توركی و ولاَتانی عه‌ره‌بی هێنایه‌ ئاراوه‌و كرانه‌وه‌ی هه‌ردوولاش به‌سه‌ر یه‌كتری و ناوچه‌كه‌ دواكه‌وت. ئه‌مه‌ش جارێكی دیكه‌ سه‌رله‌نوێ وا له‌ توركیا بكات تێگه‌یشتنی وابێت كاتی خۆی عه‌ره‌ب خیانه‌تیان له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی كردووه‌، عه‌ره‌بیش وا بزانێت نه‌خێر توركه‌كان كاتی خۆی بۆ ماوه‌ی چوار سه‌ده‌ خاكی عه‌ره‌بیان داگیركردووه‌. ئه‌م جۆره‌ تێگه‌یشتنه‌ له‌ مێژووی یه‌كتری به‌و شێوه‌ سلبییه‌ بووه‌ هۆی به‌ربه‌ستێكی ده‌روونی له‌ به‌رامبه‌ر كرانه‌وه‌ی هه‌ردوولا به‌رامبه‌ر یه‌كتری، به‌لاَم جارێكی دیكه‌ پێداویستییه‌ پراگماتیكییه‌كان وایكرده‌وه‌ هه‌ردوولا به‌خۆ دابچنه‌وه‌و تێگه‌یشتنه‌كانیان به‌رامبه‌ر یه‌كتری راست بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی كرانه‌وه‌یه‌كی تازه‌ی له‌ نێوان هه‌ردوولاوه‌ لێكه‌وته‌وه‌و ته‌واوی به‌ربه‌ست ده‌روونییه‌ مێژوویه‌كانی به‌زاند، ئالێره‌دا توركیا توانی له‌گه‌ڵ ساڵی 2002 كاتژمێر دوای كاتژمێر په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ رۆژهه‌لاَتی ناوه‌رِاست به‌هێزتر بكات. زێده‌رِۆیی نییه‌ ئه‌گه‌ر بگوترێ ئێستا توركیا بۆته‌ جه‌مسه‌رێكی سه‌ره‌كی له‌ ناوچه‌كه‌و توانادیبلۆماسی و په‌یوه‌ندییه‌كانی زۆر به‌هێزن به‌شێوه‌یه‌ك ده‌توانێ به‌وردی چاودێری هه‌موو رووداوه‌كان بكات كه‌ به‌ رۆژهه‌لاَتی ناوه‌رِاست تێده‌په‌رِن. ئێستا توركیا هه‌ر كه‌ناڵێك نییه‌ بۆ په‌یوه‌ندی و كاریگه‌رییه‌كانی له‌گه‌ڵ چه‌ند ولاَتێكی ناوچه‌كه‌ به‌ڵكو كه‌ناڵێكه‌ ده‌توانێ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ته‌واوی ولاَتانی ناوچه‌كه‌ ببه‌ستێ بۆ نموونه‌ له‌ ساڵی 2004 سه‌رۆكی توركیا عه‌بدوڵلاَ گوڵ سه‌ردانی ولاَتی لوبنانی كرد كه‌ ئه‌و كات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بوو ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین سه‌ردانی وه‌زیرێكی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بوو بۆ لوبنان له‌ مێژووی ئه‌و ولاَته‌. نموونه‌ی ئه‌و جۆره‌ ده‌ست پێشخه‌رییانه‌ش توركیای كرده‌ قه‌واره‌یه‌كی كاریگه‌ر به‌سه‌ر گۆرِه‌پانی دیبلۆماسی له‌ رۆژهه‌لاَتی ناوه‌رِاست.

- بۆ زیاتر ئاشنا بوون چاوه‌رِوانی ته‌واوی شرۆڤه‌كه‌ی ئۆغلۆ بن كه‌ به‌م زووانه‌ ماڵپه‌ری گولاَن پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌رانی ده‌كات.
Top