شێخێكی به‌ناوبانگی سعودیه‌: قاعیده‌ ئایه‌ته‌كانى خوا سه‌راو ژێر ده‌كات

شێخێكی به‌ناوبانگی سعودیه‌: قاعیده‌ ئایه‌ته‌كانى خوا سه‌راو ژێر ده‌كات
گولاَن- عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د

ئه‌مرِۆ پێنج شه‌ممه‌ له‌ كاسێتێكى ده‌نگى به‌رپرسى رێكخراوى ئه‌لقاعیده‌ له‌ یه‌مه‌ن سه‌عید ئه‌لشه‌هرى هه‌واڵى ده‌ستگیركردنى ئوم ره‌بابى كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئافره‌ته‌ كاراكانى سه‌ربه‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌لاَتدارانی سعودییه‌وه‌ پشت راستكرده‌وه‌و راشیگه‌یاند ئه‌لقاعیده‌ له‌ تۆڵه‌ى ده‌ستگیركرنه‌كه‌ى به‌ڵێن ده‌دا گه‌وره‌ به‌رپرسانى سعودى تیرۆر بكات.

وه‌كو یه‌كه‌م وه‌لاَمدانه‌وه‌ى كاسێته‌ ده‌نگییه‌كه‌ى سه‌عید ئه‌لشه‌هرى بانگخوازى ناودارى جیهانى ئیسلامى و خاوه‌نى كتێبى به‌ناوبانگى(دڵته‌نگ مه‌به‌)كه‌ بۆ سه‌ر چه‌ندین زمانى جیهانى وه‌رگێردراوه‌و زیاتر له‌ دوو ملیۆنى لێ فرۆشراوه‌ شێخ عائیز ئه‌لقه‌رنى به‌توندى به‌ڵێنه‌كانى ئه‌لشه‌هرى ره‌تكرده‌وه‌و دووپاتیكرده‌وه‌ ئه‌لقاعیده‌ جگه‌ له‌ دروستكردنى ئه‌شكه‌نجه‌و ئازار بۆ موسڵمانان هیچ سوودێكى به‌ ئوممه‌ى ئیسلامى نه‌گه‌یاندووه‌.

شێخ قه‌رنى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا ئه‌و سه‌رتاخوار شاره‌زایى به‌ ئایدۆلۆژیاو بیروباوه‌رِى ئه‌ندامانى ئه‌لقاعیده‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌بنه‌رِه‌تدا پابه‌ندى هیچ مه‌بده‌ئێكى ئیسلامینین به‌ڵكو بگره‌ ئه‌و كارانه‌ى ئه‌وان ئه‌نجامى ده‌ده‌ن رێك پێچه‌وانه‌ى عه‌قیده‌و بینشى موسڵمانانه‌و ئه‌و بۆ شه‌رعییه‌ت پێدانى تاوانه‌كانیان و كوشتن و برِینى به‌ناحه‌قى موسڵمانانى بێتاوان ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌كانى خواى گه‌وره‌و فه‌رمووده‌كانى پێغه‌مبه‌ر دروودى خواى له‌سه‌ر بىَ هه‌ڵده‌گێرنه‌وه‌ به‌پێى ویست و ئاره‌زووى خۆیان.

ئه‌و بانگخوازه‌ ئیسلامییه‌ رێكخراوى ئه‌لقاعیده‌ى به‌له‌ دین ده‌رچووان (خواریج)ى سه‌رده‌م له‌ قه‌ڵه‌مدا.

شێخ قه‌رنى به‌توندى ره‌خنه‌ى له‌ رێكخراوى ئه‌لقاعیده‌ گرت وگوتى: تا ئێستا نه‌مان بینیوه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ تاكه‌ جوله‌كه‌یه‌كى خوێن رێژو تاوانبار بكوژێت یاخود هه‌ر ته‌نیا هه‌رِه‌شه‌یشى لێبكات تاكه‌ فیشه‌كێك به‌ئاسمانى ئیسرائیله‌وه‌ بته‌قێنىَ كه‌چى له‌به‌رامبه‌ردا بۆته‌ مۆته‌كه‌و دێوه‌زمه‌ى ژیانى ئاسایی موسڵمانان و وه‌ك گورگ رۆژانه‌ به‌زیندوویى كه‌وڵیان ده‌كات.
Top