ئه‌ردۆگان هۆشدارى ده‌داته‌ ئیسرائیل

ئه‌ردۆگان هۆشدارى ده‌داته‌ ئیسرائیل
گوڵان-ساڵح محه‌مه‌د

سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا دوێنی 1/6 له‌میانه‌ى پێشكه‌ش كردنى وتارێك له‌به‌رده‌م په‌رِله‌مانى ولاَته‌كه‌یدا سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌كه‌ى ئیسرائیلی كرد بۆ سه‌ر كه‌شتى ئازادى كه‌ بوه‌ هۆى كوشتنى 20 كه‌س و بریندار بونى 50 كه‌س كه‌ یارمه‌تى ده‌گه‌یانده‌ كه‌رتى غه‌زه‌ى فه‌له‌ستین، و به‌ په‌ڵه‌یه‌كى رِه‌ش له‌ مێژوى ئیسرائیل و مرۆڤایه‌تیدا ناوى برد.

"رِه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان" سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا رِایگه‌یاند:
ئیسرائیل مافه‌كانى مرۆڤى پێشێل كردوه‌ و نابێت به‌بێ سزا به‌سه‌ریدا تێبپه‌رِێت و ولاَتى توركیا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و كارانه‌ له‌ ئیسرائیل قبوڵ ناكات.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا هۆشدارى دایه‌ ئیسرائیل و گوتى:
ئه‌گه‌ر ئیسرائیل وه‌كو دوژمنێك برِوانێته‌ توركیا و مامه‌ڵه‌ى دوژمنایه‌تى له‌گه‌ڵ بكات ئه‌وه‌ به‌خراپ به‌سه‌ریدا ده‌شكێته‌وه‌ و كاریگه‌رى خراپی ده‌بێت به‌سه‌ریه‌وه‌.

له‌كۆتاییدا ئه‌ردۆگان جه‌ختى له‌سه‌ر به‌رقه‌رابونى ئاشتى كرده‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و رِایگه‌یاند كه‌ توركیا به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئاشتى بوه‌ و دژى توندوتیژى بوه‌.
Top