فه‌ره‌نسا داواى سه‌پاندنى سزاى زیاتر ده‌كات به‌سه‌ر ئێران

فه‌ره‌نسا داواى سه‌پاندنى سزاى زیاتر ده‌كات به‌سه‌ر ئێران
گوڵان- ساڵح محه‌مه‌د

دواى ئه‌وه‌ ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى وزه‌ى ئه‌تۆمى سه‌ر به‌ رِێكخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ دواین رِاپۆرتى خۆیدا له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ئێران بلاَوى كرده‌وه‌ كه‌ تێیدا باس له‌ به‌رده‌وامى حكومه‌تى ئێران ده‌كات له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى و زیادكردنى رِێژه‌ى پیتاندنى یۆرانیۆم.

وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌و رِاپۆرته‌ و به‌رده‌وامى حكومه‌تى ئێران له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا داواى سه‌پاندنى سزاى زیاتر ده‌كات به‌سه‌ر ولاَتى ئێراندا هه‌تا ناچار بكرێت ده‌ست له‌به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى هه‌ڵبگرێت.

"به‌رنار فالیرۆ" وته‌بێژى فه‌رمى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا له‌ كۆنگره‌یه‌كى رِۆژنامه‌وانیدا رِایگه‌یاند: به‌هۆى به‌رده‌وامى ئێران له‌سه‌ر پیتاندنى یۆرانیۆم هیچ رِێگایه‌كى تر له‌به‌رده‌م شه‌ش ولاَته‌ زلهێزه‌كه‌ى جیهان نه‌ماوه‌ ته‌نها سه‌پاندنى سزاى زیاتر نه‌بێت به‌سه‌ر ئێراندا بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ولاَتانى جیهان كه‌ سزاى زیاتر به‌سه‌ر حكومه‌تى ئێران بسه‌پێنن و ناچار بكرێت كه‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان جێبه‌جێ بكات و ده‌ست له‌ پیتاندنى یۆرانیۆم هه‌ڵبگرێت.

هه‌روه‌ها وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا جه‌ختى له‌سه‌ر مه‌ترسى به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ئێران كرده‌وه‌ و به‌ مه‌ترسی بۆ ولاَتانى جیهان و ناوچه‌كه‌ى له‌قه‌ڵه‌م دا.
Top