ئافرەتێكی بنەماڵەی شای سعودیە داوای پیادەكردنی وەرزشی ئافرەتان دەكات لە قوتابخانەكان، ئەندامێكی لێژنەی فەتوای ئەو وڵاتە بە هەنگاوێكی شەیتانی لە قەڵەمی دەدا

ئافرەتێكی بنەماڵەی شای سعودیە داوای پیادەكردنی وەرزشی ئافرەتان دەكات لە قوتابخانەكان، ئەندامێكی لێژنەی فەتوای ئەو وڵاتە بە هەنگاوێكی شەیتانی لە قەڵەمی دەدا
عەبدولستار ئەحمەد

لە درێژەی هەوڵە ریفۆرم خوازەكانی كە ماوەیەكە كاریان بۆ دەكات میر بەسمەی كچی شا سعود بن عەبدولعەزیزی شای پێشووی سعودیە سەرلەنوێ بە پێویستی زانی لە قوتابخانەكانی كچان لە وڵاتی عەرەبستانی سعودی رێگە بەكچان بدرێت پیادەی وەرزش بكەن ، ئاماژە بەوەشدەكات ئەو رێگرییەی ئێستا دەرهەق بە وەرزشی لە ناو قوتابخانەكانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێ تەواو پێچەوانەی سوننەو ژیاننامەی پێغەمبەرە (درودی خوای لەسەر بێ ).

میر بەسمە جەختی لەسەر ئەوەشكردۆتەوە كە دەبێت لە پڕۆگرامی خوێندن لە عەرەبستانی سعودییە وانەیەكی تایبەت بە بواری وەرزشی ئافرەتان و كچان دابنرێ بۆ ئەوەی لەو مافە شەرعی و سروشتی و تەندروستییەی خۆیان بێبەش نەبن .ئەوەشی خستۆتە روو ئەوانەی رێگە لە وەرزشی كچان دەگرن لە قوتابخانەكان بە هەڵە لە شەرعی ئیسلام و ژیاننامەی پێغەمبەر (د.خ) تێگەیشتوون ، ئەمە لەكاتێكدا ژیاننامەی ئەو پێغەمبەرە پڕە لە رۆڵی بەرزی ئافرەتان و ئامادەگی تەواویان لە خۆ پەروەردەكردن و فێربوونی سوارچاكی و تیر هاوێشتن و چەندین لایەنی دیكەی هونەری وەرزشی جگە لەمانەش ئافرەتان لە سەردەمی پێغەمبەر رۆڵی راستەوخۆو ئیجابیان بینیوە لە هاندان و پەروەردەكردنی رۆڵەكانیان بۆ هونەرەكانی سوار چاكی و مەلەوانە وتیر هاویشتن و هونەرەكانی دیكەی شەڕو راوچێتی.

بەسمە گەشبینی خۆی راگەیاند كە حكومەت بتوانێ خۆی لەو داخراوییەی ئێستای دەرباز بكات و پشت بە نەهجی میانڕەوی ببەستێ لەو پرسانەی تایبەتن بە ئافرەتان لە ناویشیاندا پیادەكردنی وەرزشی كچان لە ناو قوتابخانەكان ، باسی لەوەشكرد كە پڕۆژەیەكی ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كردووە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن كە پڕۆژەكە تایبەتە بەپرسەكانی تایبەت بە قوتابخانەكانی كچان و جۆرو مامەڵەی نوێ لەگەڵ ئەو پرسانەی لایەنی ئافرەتان و كچان دەگرێتەوە. هیواشی خواست ئەو پڕۆژەیەی جێبەجێ بكرێ و لە ماوەی ساڵانی داهاتوو كچانی سعودیە بتوانن بەشداری لە یارییەكانی ئۆڵۆمپیاد بكەن.

پێش چەند رۆژێك لەمەو بەر ئەندامی دەستەی گەورە زانایانی سعودی و ئەندامی هەمیشەیی لێژنەی فەتوای ئەو وڵاتە شێخ عەبدولكەریم عەبدوڵڵا خزەیر فەتوای حەرامكردنی پیادەكردنی وەرزشی ئافرەتانی لە قوتابخانەكان دەركردوو دووپاتیشیكردەوە ئەركی سەرەكی ئافرەتان كاركردنی ناو ماڵ و پەروەردەكردنی منداڵەكانیانە نەك پیادەكردنی وەرزش .
\
شێخ خزەیر وایدەبینێ پڕۆژەكەی میر بەسمە كە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەو فێركردنی كردووە كارێكی شەیتانییەو سەرەتا وا لە كچان دەكات لەناو قوتابخانەكان پیادەی كاری وەرزشی بكەن دواتریش هەنگاو هەنگاو بازنەكە فراوانتر دەبێت تا دەگاتە ئەو ئاستەی تێكەڵاوی نێوان هەردوو رەگەزی نێرو مێ دروست دەبێ.
Top