سه‌رۆک په‌رله‌مانی ئێران ره‌خنه‌ی له هه‌ڵوێستی ناڕازیان سه‌باره‌ت به له‌سێداره‌دانی کورده‌کان گرت

سه‌رۆک په‌رله‌مانی ئێران ره‌خنه‌ی له هه‌ڵوێستی ناڕازیان سه‌باره‌ت به له‌سێداره‌دانی کورده‌کان گرت
"عه‌لی لاریجانی" سه‌رۆکی مه‌جلیسی شورای ئیسلامی(په‌رله‌مانی ئێران) ره‌خنه‌ی له هه‌ڵوێستی به‌رهه‌ڵستکارانی حکومه‌ت، سه‌باره‌ت به له سێداره‌دانی کورده‌کان گرت.

به پێی هه‌واڵه ناوخۆییه‌کانی ئێران، لاریجانی له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانی‌دا رایگه‌یاند: "ئه‌مه شتێکی نابه‌جێیه که کۆمه‌ڵێک رۆڵ‌گێڕی سیاسی، پشتیوانی له کۆمه‌ڵێک تیرۆریست بکه‌ن."

سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئێران گوتی: "زۆر جێی داخه دوای له‌سێداره‌دانی کۆمه‌ڵێک تیرۆریست، چاومان به هه‌ندێک به‌یاننامه ده‌که‌وێت. مه‌گه‌ر ئێوه نازانن ئه‌وان تیرۆریست بوون، پشتیوانی له چی ده‌که‌ن؟"

دوای له‌سێداره‌دانی پێنج که‌س له زیندانی "ئێڤین"ی تاران به تۆمه‌تی ئه‌ندام بوون له پارته به‌رهه‌ڵستکاره‌کان، "میرحوسێن موسه‌وی" و مه‌هدی که‌ڕڕووبی" رکابه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی "مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌نژاد" له هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆک کۆماری و له به‌رهه‌ڵستکاره سه‌ره‌کییه‌کانی حکومه‌ت، له به‌یاننامه‌یه‌ک‌دا، ئه‌م له‌سێداره‌دانه‌یان مه‌حکوم کرد.

چوار له‌م له‌سێداره‌دراوانه کورد بوون.

لاریجانی له گوته‌کانی خۆی‌دا ئاماژه‌ی دا: "ئه‌و که‌سانه له مه‌سه‌له نیشتمانییه‌کان، هاوڕێی بێگانه‌کانن و ئه‌م که‌سانه، مێشکیان وه‌پاشکه‌وتووه و ده‌رکراون و وڵاتانی رۆژئاوا بۆ هه‌را نانه‌وه که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گرن."
-PNA
Top