کوردێک بوو بە ئەندامی لیژنەیەکی خەلاتی ئۆسکار

کوردێک بوو بە ئەندامی لیژنەیەکی خەلاتی ئۆسکار
دەرهێنەرە گەنجەکەی کورد سەهیم عومەر خەلیفە دەبێتە ئەندامی لیژنەی هەلبژارتنی خەڵاتی ئۆسکار. ئەمە بۆ جاری یەکەمە کە دەرهێنەرێکی کورد بگات بەم ئاستە بەرزەی سینەمای جیهانی لە کۆمەڵگای کوردی.

زاگرۆس، دەبێتە یەکەم فیلمی درێژی سینەماکاری کورد سەهیم عومەر خەلیفە، کە بەم دواییە کاری وێنەگرتنی لە یۆنان و بەلژیکا ئەنجامدرا و چیرۆکی شوانێکی کورد دەگێڕێتەوە.

چەند وڵاتێکی ئەوروپا پشتیوانی دارایی ئەم فیلمە دەکەن، پێشتر بەلژیکا بڕیاریدا ببێتە بەرهەمهێنەری سەرەکی فیلمەکە، دواتر هەریەک لە فەڕەنسا و بەشی کلتووری یەکێتیی ئەوروپا پشتگیری دارایی خۆیان بۆ فیلمەکە نیشاندا و بەم دواییەش هۆڵەندا.

ساڵانە بەلژیکا پشتیوانی دارایی دوو فیلمی سینەمایی دەکات، یەکێک لەو فیلمانە، فیلمی خەلیفە بوو کە رەگەزنامەی بەلژیکی هەیە. بەم دواییە کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە یۆنان کۆتایی هات و ئێستا لە قۆناغی مۆنتاژدایە.
سیناریۆی “زاگرۆس” پێشتر لە وڵاتی فەڕەنسا خەڵاتکراوە، ماوەی سێ ساڵە کار لەسەر ئەم فیلمە دەکرێت و ستافی تەکنیکی فیلمەکە بەلژیکی و هۆڵەندین. ئەم فیلمە چیرۆکی شوانێکی کورد دەگێڕێتەوە کە لە گوند ژیان بەسەردەبات، هەرچەندە ژیانێکی زۆر ئارام و خۆشی هەیە، بەڵام کێشەیەکی کۆمەڵایەتی ناچاری دەکات خاک و پیشەکەی جێبهێڵێت روو لە ئەوروپا بکات.

سەهیم عومەر خەلیفە، لە ساڵی 1980ـدا لە زاخۆ لە هەریمی کوردستان لە دایکبووە، ئێستا نیشتەجێی بەلژیکایە، بڕوانامەی ماستەری لە بواری سینەمادا لەو وڵاتەدا بەدەستهێناوە، حكومەتی بەلژیکا بەشێوەیەکی بەردەوام پشتیوانی دارایی فیلمەکانی دەکات.

لە رێگەی هەرسێ کورتەفیلمی “خاکی پاڵەوانان”، “میسیی بەغدا” و “نێچیرڤانی خراپ”، ٩٦ خەڵاتی سینەمایی لە فێستیڤاڵەکاندا بەدەستهێناوە، بەمەش ژمارەی پێوانەیی لە رووی وەرگرتنی زۆرترین خەڵات لەسەر ئاستی بەلژیکا، کوردستان و عێراقدا تۆمارکردووە. ئەو سینەماکارە کوردە، بە هۆی ئەو هەموو خەڵاتەی بەدەستیهێناوە هۆکار بووە بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەوروپی پاڵپشتی فیلمەکانی بکەن و نێوبانگێکی باش بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
“نان” یەکەم کورتەفیلمی ئەوە دەرهێنەرە کوردەیە کە وەک پڕۆژەیەک لە سەردەمی خوێندنی کۆلێژدا بەرهەمیهێناوە، لە رێگەیەوە خەڵاتکراو بڕێک پارەی پێبەخشرا.

“میسی بەغدا” یەکەم فیلمی کوردییە لە مێژووی سینەمای کوردیدا کە لە بەشی پێشبڕکێی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا بەشداربێت، پارساڵ ناوی ئەو فیلمە لە کورتەلیستی کورتەفیلمە کاندیدکراوەکانی بۆ خەڵاتی ئۆسکاردا هات کە ژمارەیان 15 فیلم بوون، پێشتر ئەو فیلمە کوردیانەی لە ئۆسکار بەشداربوونە تەنها بۆ نمایشکردن بوونە، نەوەک بەشداریکردن لە پێشبرکێدا.

لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو دەرهێنەرە کوردە دوو جار کورتە فیلمەکانی کاندیدی خەڵاتی ئۆسکار بوونەوە، ئەمساڵ وەک ئەندامی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فیلم لە ئۆسکار دەسنیشانکراوە و هەڵسەنگاندن بۆ فیلمەکانی ئەمساڵی ئۆسکار دەکات.
Top