دەزگای ڕوانگە دەروازەیەك بۆ بەدیهێنانی خەونی گەنجان و لاوان لە مەڕاسیمێكدا 18 بەهرەمەند پلەی یەكەم و دووەم و سێیەمیان پێدرا و خەڵاتی دەزگاكەیان بەدەستهێنا و دەیان چالاكی جۆراوجۆری هونەریش بەڕ
دەزگای ڕوانگە، بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە خەونی گەنجان و لاوانی خاوەن بەهرە و وەگەڕخستنی بەهرە شاراوەكان و دۆزینەوەی كارامەییە هونەری و ئەدەبی و زانستییەكانی لاوان و متمانە بەخۆكردنیان، پێشبڕكێیەك لە چەند بوارێكی جیا جیادا بۆ لاوانی 18-25 ساڵ ڕێكخرابوو، كە بوارەكانیش بریتیبوون لە (كورتە چیرۆك،فۆتۆگرافی، وێنەكێشان، هۆنراوە، داهێنانی زانستی، كورتە فیلم، پەروەردە، هاوڵاتی نموونەیی) و، دوای هەڵسەنگاندنیش بۆ بەرهەمەكان، كە چەند لێژنەیەكی پسپۆر لەو بوارانەدا دەستنیشان كرابوون توانرا پلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم دیاری بكرێن و خەڵات ببخشرێتە 18 لاوی بەهرەمەند، كە دەمێكە خەون بەوەوە دەبینن لایەنێك هەبێت بتوانێت هاوكاربێت لە بەردەم كار و پڕۆژەكانیان، بەرامبەر بەو پڕۆژەیەی دەزگای ڕوانگەشەوە بەهرەمەندەكان دەڵێن، تاكە دەروازە بوو بۆ ئەوەی ئێمە بگەین بە خەونی لەمێژینەی خۆمان، "گوڵان" لە ڕاپۆڕتێكدا وردەكاری كار و چالاكییە جۆراوجۆرەكانی مەڕاسیمەكە دەخاتەڕوو، كە دوێنێ بە ئامادەبوونی "ئیدریس نێچیرڤان بارزانی" سەرۆكی دەزگای ڕوانگەوە بەڕێوەچوو.
بەهرە شاراوەكانگەیشتن بە خەونەكانیان
دوای پتر لە 5 مانگ بەسەر ڕاگەیاندنی پێشبڕكێیەك، كە تەنیا مەرجی ئەو دەزگایە ئەوەبوو، بەشداربووە بەهرەمەندەكان تەمەنیان لە 25 ساڵ زیاتر نەبێت و لە 18 ساڵیش كەمتر نەبێت و ئامانجیشیان تەنیا ئەوەبوو، پشتیوانی لەو بەهرانە بكەن، كە تا ئێستا بەشێوەیەكی شارەوا لە نێو گەنجاندا هەیە و، ناتوان بگەن بە خەونەكانیان، بۆیە لەو پێشبڕكێیەدا توانرا لە كۆی 500 بەشداربوو، 18 لاوی بەهرەمەند دیاری بكرێن، كە لە بوارەكانیاندا توانیویانە بەرهەمێكی ناوازە پێشكەش بكەن و، بەڵام تا ئێستا لایەنێكی هاوشێوەی ڕوانگەیان نەدۆزیبۆوە تا بتوانن، خەونەكان بكەن بە ڕاستی و توانا و بەهرەكانی خۆیان بسلەمێنن، بۆیە هەریەكێك لەونەی هەڵبژێردران بە خەندەیەكەوە ئاماژەیان بۆ گەیشتن بە خەونی لەمێژینەی خۆیان كرد و هیواشیان خواست كە بتوانن، لە داهاتوودا پڕۆژەی جوانتر پێشكەش بە بوارەكانیان بكەن و، ئەوەیش بسەلمێنن، كە گەنجانی كورد هیچیان لە بەهرەمەندانی دنیا كەمتر نییە و، دەشتوانن لە بوارەكاندا داهێنان بكەن.
ئانا میوانێكی دەست ڕەنگینی هەولێر بوو
لە بڕگەی دووەمی چالاكییە هونەرییەكاندا، میوانێكی ڕۆحسووك و هونەرمەندێكی دەست ڕەنگین لە هەولێر بوو، كە ئەویش خانمە شێوەكارێكی جیهانی بوو، بە ناوی (ئانا)، كە تابلۆ هونەرییەكانی بە لم دەكێشا و، دەیان وێنەی جۆراوجۆری لە لم بۆ ئامادەبووانی هۆڵەكە كێشا و سەرنجی هەمووانی بە لای خۆیدا ڕاكێشا و، ئەو نمایشەی ئەو هونەرمەندەیش یەكەم جاربوو لە هەرێمی كوردستاندا ببینرێت، زۆربەی تابلۆكانیشی گوزارشتیان لە ئاشتی و جوانی مرۆڤ دەكرد، دواجار بە دەست و پەنجە ڕەنگینەكانی وێنەی لۆگۆی ئەو دەزگایەی بە لم كێشا و كۆتایی بە نمایشەكەی هێنا.
عەممار بێ موزیك گۆرانی چڕی
وەك سوپرایزێك بۆ ئامادەبووانی ئەو مەڕاسیمە، لەگەڵ گەیشتنەوەی تاكە بەشداربووە كوردەكەی زاخۆی دەلال و پڕۆگرامی "ئەرەب ئایدول"، (عەممار كوڤی) هێنرا سەر تەختی شانۆ و، پڕ بە قورگە سپییەكەی و بە جلی كوردی و ئاڵای پیرۆزی كوردستان، گۆرانی بۆ هەوادارانی خۆی لە پایتەخت چڕی و، لە وتەیەكیشدا، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ گەڕانەوەی بۆ نێو باوەشی نیشتیمان و هیواشی خواست ڕۆڵی پێشمەرگە لەبیر نەكەین، كە ئەو خۆی یەكەم قوربانیی ناوهێنانی پێشمەرگە بووە لە میانی بەشداربوون لە پڕۆگرامە عەرەبییەكەدا و، ئەوەیش بووەتە یەكێك لە هۆكارەكانی دوورخستنەوەی، ئەوەی ئێمەیش تێبینیمان كرد، لە كاتی چڕینی گۆرانییەكاندا ئەوەبوو، كە هیچ پارچە موزیكێك بۆ عەممار ئامادە نەكرابوو، چونكە زۆر لە ناكاو ڕووی لەم هۆڵە كرد و، گۆرانی بۆ خەڵكی هونەردۆستی كوردستان چڕی.
نمایشێكی سەرنج ڕاكێش
لەگەڵ بەردەوامبوونی بڕگەكانی مەڕاسیمەكە، نمایشێكی تەواو جیاواز پێشكەش كرا، كە ئەویش بریتیی بوو لە نمایشكردنی جۆرە سەمایەكی تایبەت، كە چەند كەسانێكی بیانی بۆ ئەو مەبەستە بە داوەتێك گەیشتبوونە هەولێر و لە پشت پەردەیەكەی تاریك و بە شاشەیەكی تایبەت كە وێنەی سەماكەرەكان و جووڵانەوە هونەرییەكانی ئەو هونەرمەندانەی نیشانی بینەرانی ئەو نمایشە دەدا، بە جۆرێك كە جووڵانەوەكان هێندە خێرابوون، هەست بەوە نەدەكرا ئەوان مرۆڤن و ئەو جۆرە نمایشە ساز دەدەن، چونكە هەندێك جار بە قاچ و دەستەكانیان وێنەی ئاژەڵ و دار و درەختیان دەكێشا و، دواتر كەسێك دەردەكەوت بە تەنیا بە یەك دەست هەموو ئەوانەی نمایشە سەرنج ڕاكێشەكانیان ئەنجام دەدا هەڵیانی دەگرت و لەسەر تەختە شانۆییەكە ون دەبوون، كە ئەمەیش بۆ ئێمەی كورد كارێكی هونەریی نوێ بوو، جێگەی سەرسامی ئامادەبووان بوو.
گەشتێكی هونەری
بەر لە كۆتایی هاتنی چالاكییە هونەرییەكانیش، گەشتێك لەلایەت تیپی (نەوای هەولێر) ئامادەكرابوو، كە زۆربەی گۆرانییەكانیش فۆلكلۆریی بوون و، لە پێشووتردا بە دەنگی هونەرمەندانی ڕەسەن گوترابوون، لەو مەڕاسیمەیشدا "ڕێژوان و ڕێنوار هونەر مەرجان"، كە دووبران و لەگەڵ دوو كچە شۆخ و، بە هاوكاری چەند موزیكژەنێكی دیاری ئەو تیپە، گۆرانییە فۆلكلۆرییەكانیان دەهۆنییەوە، جلە كوردییەكانی ئەو تیپەیش ناساندنی كولتووری كوردی بوون، بۆ ئەو میوانە بیانیانەی كە لە وڵاتانی جیهانەوە بۆ ئامادەبوون لەو مەڕاسیمەدا ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد بوو.
3 خەڵات بۆ فیلم
لە پەراوێزی ڕاگەیاندنی خەڵاتەكاندا، 3 فیلم و 3 دەرهێنەری بچووك، كە هێشتا تەمەنیان نەگەیشتووەتە 25 ساڵ، بەڵام لەوەدەچوو فیلمەكانیان لە ئاستێكی نێودەوڵەتیی دابن و، بەو پێیەی "گوڵان" لێیان ئاگادارە، كە بەرهەمی "سۆران ئیبراهیم"، كە ناوی ناوە (ون بوون لە غوبار) لە چەند فیستیڤاڵێكی جیهانی بەشداربووە و خەڵاتی یەكێك لە دیارترین فیستیڤاڵەكانی پێبەخشراوە، كە ئەویش فیستیڤاڵی (مالتا) بوو، كە لەوێدا بووە بە خاوەنی خەڵاتی "سوارچاكی زێڕین"، لەو مەڕاسیمەیشدا ئەو دەرهێنەرە كە هێشتا تەمەنی نەگەیشتووەتە 25 ساڵ، بە پلەی یەكەم لە نێو دەرهێنەرە بچووكەكان دیاریكرا و خەڵاتی ڕوانگەی پێبەخشرا، لە دوای ئەویشدا دوور دەرهێنەرێكی دیكە بوون بە خاوەنی پلەی دووەم و سێیەم، كە ئەوانیش (هەردی حەسەن) و (كەیهان ئەنوەر) بوون و، فیلمەكانی ئەو دوو بەهرەمەندەیش لە چەند وڵاتێكی ئەوروپاوە داوەتكراون و چاوەڕوانی خەڵاتن، لەو مەڕاسیمەیشدا "سۆران ئیبراهیم" بە ئومێدێكی زۆر و گەشبینییەوە بۆ "سڤیل" گوتی: خۆشبەختی ئێمە لەوەدایە، كە لایەنێك هەیە دەتوانێت، بەرهەمەكانی ئێمە لە ئامێز بگرێت و گرنگی بە توانا و بەهرە شاراوەكانی ئێمە بدات، كە خەون بە داهاتووێكی ڕووناكەوە دەبینین، بۆیە هیچ وشەیەكم نییە بۆ ئەو دەزگایە، تەنیا ئەوەنەبێت، كە هیوا بەوە بخوازم، بەردەوامبن لە گرنگیدان بە ڕۆڵی لاوە بەهرەمەندەكان بۆ ئەوەی بتوانن كاری جوانتر و پڕۆژەی نوێتر بۆ بەرەوپێشبردنی بوارەكان ئەنجام بدەن.