فۆتۆگرافه‌رێکی کورد خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی وێنه‌ی تارانی به‌ده‌ستهێنا

فۆتۆگرافه‌رێکی کورد خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی وێنه‌ی تارانی به‌ده‌ستهێنا
فۆتۆگرافه‌ری کورد جه‌مشید فه‌ره‌جوه‌ند فه‌ردا، خه‌ڵاتی دووه‌می فێستیڤاڵی نوورنیگار له‌ تاران به‌ده‌ستهێنا.

رێوڕه‌سمی کۆتایی فێستیڤاڵی وێنه‌ی فۆتۆگرافیی نوورنیگار به‌ ئاماده‌بوونی پسپۆڕان، پێشه‌نگه‌کان و هۆگرانی هونه‌ری فۆتۆگرافیی و به‌ به‌شداریی 1600 هونه‌رمه‌ندی فۆتۆگرافه‌ر له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتی ئێران له‌ باغ مۆزه‌ی قه‌سر له‌ شاری تاران به‌ڕێوه‌چوو.
ئه‌و 1600 هونه‌رمه‌نده‌ فۆتۆگرافه‌ره‌ به‌ 14 هه‌زار پارچه‌ وێنه‌ی فۆتۆگرافی له‌ فێستیڤاڵه‌که‌دا به‌شدار بوون. هاوکات له‌گه‌ڵ رێوڕه‌سمی کۆتایی فێستیڤاڵ، پێشانگای وێنه‌ هه‌ڵبژارده‌کانی براوه‌کانی ئه‌و رووداوه‌ هونه‌رییه‌ له‌ باغ مۆزه‌ی قه‌سری تاران کرایه‌وه‌.
له‌ رێوڕه‌سمی کۆتایی فێستیڤاڵی وێنه‌ی فۆتۆگرافیی نوورنیگار هه‌ڵبژارده‌ و براوه‌کانی ئه‌و فێستیڤاڵه‌دا رێزیان لێگیرا. ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی فێستیڤاڵ بریتی بوون له‌؛ محه‌مه‌د مێهدی ره‌حیمیان، ئه‌فشین به‌ختیار و مه‌حموود مروه‌تی و سکرتێری به‌ڕێوه‌به‌ری ئیجڕایی فێستیڤاڵه‌که‌ش مه‌سعود ئه‌فشانی بوو.
له‌و رێوڕه‌سمه‌دا مه‌سعود ئه‌فشانی سکرتێری ئیجڕایی فێستیڤاڵ رایگه‌یاند پرۆسه‌ی فێستیڤاڵه‌که‌ماوه‌ی شەش مانگی کاتی خایاند و زیاتر له‌ 14 هه‌زار پارچه‌ وێنه‌ی فۆتۆگرافی هه‌ڵسه‌نگاندن و لێکدانه‌وه‌یان بۆ کرا که‌ ئاستی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و فۆتۆگرافه‌رانه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ک بوو که‌ کاری ده‌ستنیشان کردن و هه‌ڵبژاردنی باشترین به‌رهه‌مه‌کانی بۆ ده‌سته‌ی ناوبژیوان سه‌خت و دژوار کرد.

له‌ درێژه‌ی رێوڕه‌سمه‌که‌دا له‌ هونه‌رمه‌ندی پێشه‌نگی بواری فۆتۆگرافی ئه‌کبه‌ر عالمی رێزی تایبه‌ت گیرا. دواتر ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوان خوێندرایه‌وه‌ و هه‌ڵبژێردراوه‌کانی فێستیڤاڵ دیاریی کران
له‌ به‌شی "وێنه‌ی چرکه‌یی" مه‌هشید مه‌هدیان پله‌ی یه‌که‌می بۆ خۆی مسۆگه‌ر کرد و فۆتۆگرافه‌ری بیجاڕی "جه‌مشید فه‌ره‌جوه‌ند فه‌ردا" خه‌ڵاتی دووه‌م و جه‌واد حه‌سه‌ن پوور پله‌ی سێهه‌می فێستیڤاڵی نوورنیگاریان به‌ده‌ستهێنا.
له‌ به‌شی "سه‌فه‌ر و گه‌شتیاریدا" مێهران میرزایی خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی وه‌رگرت و حه‌مین ئه‌خلاقی، محه‌مه‌د قه‌ده‌معه‌لی و ره‌زا واعیزپوور پله‌ی یه‌که‌م تا سێهه‌میان به‌ده‌ستهێنا.
پێشانگای وێنه‌ هه‌ڵبژارده‌کانی براوه‌کانی فێستیڤاڵی سه‌رتاسه‌ریی نوورنیگار بۆ ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌ له‌ باغ مۆزه‌ی قه‌سری تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تیایدا به‌رهه‌مه‌کانی 85 هونه‌رمه‌ندی فۆتۆگرافه‌ر نمایش ده‌کرێت.
Top