حوسێن سه‌فامه‌نێش له‌ تاران گۆرانی كوردی و لوڕی پێشكه‌ش ده‌كات

حوسێن سه‌فامه‌نێش له‌ تاران گۆرانی كوردی و لوڕی پێشكه‌ش ده‌كات
گۆرانیبێژی كورد حوسێن سه‌فامه‌نێش، به‌ هاوكاری گرووپی موزیكی "ئاڕشاویر" له‌ تاران كۆنسێرتی گۆرانی كوردی و لوڕی ساز ده‌كات.



به‌ هۆی پێشوازیی هۆگرانی موزیك و گۆرانییه‌كانی كوردی و لوڕی، نوێترین كۆنسێرتی گرووپی موزیكی "ئاڕشاویر" به‌ سه‌رپه‌ره‌ستی و دابه‌شكردنی موزیكزانی كرماشانی فه‌رشاد رۆسته‌می و به‌ ده‌نگی گۆرانیبێژی كرماشانی حوسێن سه‌فامه‌نێش و به‌ هاوكاری رێكخراوه‌ی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری فرووغ فه‌له‌ق، كاتژمێر 10ی شه‌وی 3 ئاب/ ئۆگۆست 2014 له‌ ته‌لاری وه‌حده‌تی شاری تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.



بڕیاروایه‌ ئه‌م كۆنسێرته‌ له‌ دوو به‌شدا به‌ڕێوه‌بچێت، له‌ به‌شی یه‌كه‌مدا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ زمانی كوردی چه‌ندین گۆرانی و پارچه‌ موزیك له‌وانه‌: "سووره‌ گوڵ"، "خوشگه‌ خاسه‌كه‌م"، "ئه‌ی خوا نیزامه‌كه‌ی"، "خاو"، "هه‌ڵاڵه‌" و "گوڵ بازی" پێشكه‌ش ده‌كرێت.



له‌ به‌شی دووه‌می ئه‌م كۆنسێرته‌شدا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ زاراوه‌ی لوڕی، چه‌ندین گۆرانی و پارچه‌ موزیكی لوڕی و كوردیی له‌وانه‌: "میری"، "به‌زران"، "رتم و سراو"، "ساڵه‌های ساڵه‌"، "مه‌قامێكی لوڕی"، "ئاری هه‌وار"، "داری ناروه‌ن" و "بۆی دێنم" له‌ لایه‌ن ئه‌م گرووپه‌وه‌ پێشكه‌شی هۆگرانی گۆرانی و موزیك ده‌كرێت.



دوایین كۆنسێرتی گرووپی موزیكی "ئاڕشاویر" به‌ ده‌نگی گۆرانیبێژی كورد حوسێن سه‌فامه‌نێش كاتژمێر 10 شه‌وانی 2 و 4 ته‌مموز/ یۆلیۆ 2014 له‌ ته‌لاری وه‌حده‌تی تاران به‌ڕێوه‌چوو و له‌ لایه‌ن هۆگرانی گۆرانی و موزیكه‌وه‌ پێشوازیی لێكرا.


ئه‌ندامانی گرووپی موزیكی "ئاڕشاویر" بریتین له‌: حوسێن سه‌فامه‌نێش ـ گۆرانیبێژ، فه‌ڕشاد رۆسته‌می ـ سه‌رپه‌ره‌ستی گرووپ و ژه‌نیاری قه‌یچه‌ك و كه‌مانچه‌، عه‌لیڕه‌زا سه‌نعه‌تی ـ ژه‌نیاری عوود و نه‌ی، ئاوا ئه‌یووبی ـ ژه‌نیاری تارباس، موڕته‌زا فه‌تحی ـ ژه‌نیاری كه‌مانچه‌، شه‌قایق به‌ختیاری ـ ژه‌نیاری تار، ئه‌مین ئه‌مینی ـ ژه‌نیاری سه‌نتوورر، عه‌لیڕه‌زا مه‌سده‌قی ـ ژه‌نیاری زه‌رب و ئامێره‌ كوتراوه‌كان، موحسن كه‌یهان نیژاد ـ ژه‌نیاری زوڕنا، سارا نادری ـ ژه‌نیاری ده‌ف و به‌ندیر و په‌ریسا ئینانلوو ـ ژه‌نیاری ده‌هۆڵ و دایره‌.
Top