بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا بینای نوێی بەشە ناوخۆیی کچان لە زانکۆی گەرمیان کرایەوە

بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا بینای نوێی بەشە ناوخۆیی کچان لە زانکۆی گەرمیان کرایەوە
ئەمڕۆ بەشی ناوخۆیی کچان لە کەمپی بەردەسوور کرایەوە، کە لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکییەوە بەشێوازێکی مۆدێرن دروستکراوە و توانای لە خۆگرتنی ٣٦٠ خوێندکاری ھەیە. بەوتەی سەرچاوەیەکیش بەشە ناوخۆیەکی دیکە لە کەلار دروستدەکرێت و دوو بەشە ناوخۆیش لە خانەقین نۆژەندەکرێنەوە.


لە مەراسیمی کردنەوەکە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و بەرپرسانی حکومی ناوچەکە ئامادەی بوون.
عەلی سەعید، وەزیری خوێندنی باڵا لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند: خۆشحاڵن ئەمڕۆ لە مەڵبەندی ئەنفال دەبینن زانکۆی گەرمیان ھەنگاوێکی باشی ناوە لە کارەکانی و خزمەتکردن بە خوێندکاران، ھاوکات جێگەی دەستخۆشییە کە بینای بەشە ناوخۆیی کچان لە بەردەسوور بەشێوازێکی رێکوپێک و لە پێش ماوەی دیاریکراوی خۆی تەواو کراوە.

سەعید ئاماژەشیدا: لە ھەوڵی زیاتردان بۆ فروانترکردن و بەرەو پێشبرنی زانکۆی گەرمیان لە ھەمو رووویەکەوە.

لای خۆشییەوە سەرۆکی زانکۆی گەرمیان د. فاروق عەبدوڵا بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ بینای بەشە ناوخۆیی کچان لە بەردەسوور کە رووبەرەکەی ھەزار و ٥١٢ مەتر دووجایە، لە مانگی ئابی ٢٠١٢ دەستکرا بە دروستکردنی، پێکھاتووە لە شەش نھۆم و بە شێوازێکی مۆدێرن و بە دابینکردنی سەرجەم کەرەستە و پێداویستییەکانیەوە دروستکراوە و بیناکە توانای لەخۆ گرتنی ٣٦٠ خوێندکاری ھەیە و بڕی تێچوونەکەی ھەشت ملیار و ٨٧٤ ملیۆن دینارە. ماوەی پرۆژەکە ٣٥٠ رۆژی بۆ دیاریکرابوو، بەڵام کۆمپانیای تەک ئیماشی تورکی توانی بە ٣٦ رۆژ پێش ماوەی دیاریکراو سەرجەم کارەکانی پرۆژەکە تەواو بکات و ئەمڕۆ رادەستی زانکۆی گەرمیانی بکات.

روونیشیکردەوە: تەواوبوونی ئەم بەشە ناوخۆییە رۆلێکی باشی دەبێت لەچارەسەرکردنی ئەو کێشەو گرفتانەی کە ساڵانە رووبەرووی قوتابیانی بەشە ناوخۆییەکان دەبێتەوە.
سەرۆکی زانکۆی گەرمیان ئاماژەیدا: بە ھەمان شێوازی بەشی ناوخۆیی کچان، لەماوەی دە رۆژی داھاتوودا دەستدەکرێت بە دروستکردنی بەشێکی تری ناوخۆیی لە تەنیشت بەشی ناوخۆیی کوڕان و لەئێستاشدا رێکارە یاساییەکانی ئەو پرۆژەیە تەواو بووە. ھاوکات دوو بەشی تری ناوخۆیی لە خانەقین نۆژەن دەکرێنەوەو بۆ ساڵی ئاییندە دەخرێتە خزمەتی قوتابیانەوە.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، د. فاروق عەبدوڵا، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبردنی پرۆژەکە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکەش خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە د. عەلی سەعید، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و د. فاروق عەبدوڵا، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و سەڵاح کوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و جەلال شێخ نوری، قایمقامی قەزای کەلار.
Top