خولێك بۆ پێگه‌یاندنى كارمه‌ندى ته‌ندروستى ده‌روونى له‌گه‌رمیان كرایه‌وه‌

خولێك بۆ پێگه‌یاندنى كارمه‌ندى ته‌ندروستى ده‌روونى  له‌گه‌رمیان كرایه‌وه‌
16 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- هۆبه‌ى ته‌ندروستى ده‌روونى له‌ به‌رِێوه‌به‌رابه‌تى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، به‌مه‌به‌ستى پێگه‌یاندنى كارمه‌ندى ته‌ندروستى، خولێكی راهێنانى بۆ ژماره‌یه‌ك كارمه‌ند كرده‌وه‌.

محه‌مه‌د ئیسماعیل به‌رپرسی هۆبه‌كه‌ راگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستى پێگه‌یاندنى ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندى ته‌ندروستى ده‌روونى ئه‌و خوله‌ به‌ به‌شداری 15 كارمه‌ند كرایه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كیان له‌ به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى و سه‌نته‌ره‌كانى پاراستنى ژنان كار ده‌كه‌ن، به‌شى زۆریشیان كارمه‌ندى ته‌ندروستین و له‌رێگه‌ى ئه‌م خوله‌وه‌ ئاشنا ده‌كرێن به‌ بنه‌ماكانى كارى ته‌ندروستى ده‌روونى، بۆ ئه‌وه‌ى دواتر وه‌ك چاره‌سازی ته‌ندروستى ده‌روونى له‌ نه‌خۆشخانه‌و مه‌ڵبه‌نده‌كان دا كار بكه‌ن.

ئه‌وه‌شى خسته‌روو: له‌ نه‌خۆشخانه‌ و مه‌ڵبه‌نده‌كان دا هۆبه‌ى تایبه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى بینینى ئه‌و كه‌سانه‌ى كێشه‌و نه‌خۆشی ده‌روونیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێنمایی و چاره‌سه‌رى پێویستیان پێبدرێت، خوله‌كه‌ ماوه‌ى سێ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.
Top