له‌ فێستيڤاڵى هه‌ولێردا كه‌رنه‌ڤاڵى منداڵان به‌ڕێوه‌چوو

له‌ فێستيڤاڵى هه‌ولێردا كه‌رنه‌ڤاڵى منداڵان به‌ڕێوه‌چوو
16ی‌ ئازار/ مارس 2013 (گوڵان میدیا)- له‌ فێستيڤاڵى حه‌وته‌مى هه‌ولێردا، كه‌رنه‌ڤاڵى منداڵان به‌ به‌شدارى به‌ڕێوبه‌رايه‌تى رۆشنبيرى منداڵ و تيپى موزيكى نه‌ورۆز و سێ قوتابخانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌ڕێوه‌چوو، تێيدا منداڵان به‌ موزيكى و گۆرانى و سه‌ما و شانۆ، به‌هره‌ و هونه‌رى خۆيان نمايشكرد.

له‌ درێژه‌ى چالاكييه‌كانى فێستيڤاڵى حه‌وته‌مى هه‌ولێردا، هه‌ريه‌ك له‌ به‌ڕێوبه‌رايه‌تى رۆشنبيرى منداڵ – هه‌ولێر، به‌ڕێوبه‌رايه‌تى چالاكى قوتابخانه‌كان، قوتابخانه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كانى (سه‌روه‌ران، فاخير مێرگه‌سۆرى، شوه‌يفات)، به‌ چه‌ندين چالاكى هونه‌رى كه‌رنه‌ڤاڵى منداڵانیان پێکشەش کرد.

له‌ سه‌ره‌تاى كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌دا، (تيپى موزيكى نه‌ورۆز) سه‌ر به‌ به‌ڕێوبه‌رايه‌تى رۆشنبيرى منداڵ – هه‌ولێر به‌ چه‌ند پارچه‌ موزيك و گۆرانييه‌كى پێشكه‌شكرد و دواتر هه‌ريه‌ك له‌ گرووپى منداڵانى قوتابخانه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان به‌ چالاكى گۆرانى و سه‌ماى بالێ به‌شدارييان كرد.

هه‌ريه‌ك له‌ گرووپه‌ هونه‌رييه‌كانى منداڵان (گرووپى دۆق شارته‌ر، گروپى هاوڕێيانى هونه‌ر، گرووپى ئه‌ستێره‌، قوتابخانه‌ى هه‌ڤاڵى بنه‌ڕه‌تى تێكه‌ڵاو)، وه‌ك هاوكار به‌شدارييان كرد.

وێڕاى پێشكه‌شكردنى گۆرانى و موزيك، سه‌ماى بالێ و چه‌ند شانۆگه‌رييه‌كى منداڵانيش نمايشكران.

رۆژى چواره‌مى فێستيڤاڵ، به‌ ئاماده‌بوونى سه‌دان كه‌س له‌ گه‌شتياران و دانيشتووانى هه‌ولێر و ئاره‌زوومه‌ندانى هونه‌ر و به‌هره‌ى منداڵان به‌ڕێوه‌چوو.

بڕيار وايه‌ فيستيڤاڵى حه‌وته‌مى هه‌ولێر، كه‌ له‌ (11ى ئازار)ه‌وه‌ ده‌ستيپێكردووه‌، تا هه‌ڵكردنى ئاگرى نه‌ورۆز به‌رده‌وام بێت.
Top