شارێك بۆ رۆژنامه‌نووسان دروست ده‌كرێت

شارێك بۆ رۆژنامه‌نووسان دروست ده‌كرێت
30ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، له‌ هه‌وڵدایه‌ له‌ رێگه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندداره‌كانی نیشته‌جێبوون، شارێكی هاوشێوه‌ی شاری مامۆستایان و ئه‌ندازیاران بۆ رۆژنامه‌نووسان دروست بكات، نه‌قیبی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌كانی ئه‌و شاره‌ به‌پێی خاڵ و پشكی شێر بۆ ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌یه‌ كه‌ ئه‌ندامی سه‌ندیكاكه‌یانن.
له‌مباره‌یه‌وه‌ئازاد حه‌مه‌دئه‌مین نه‌قیبی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان بۆ (باس) ئاشكرای كرد سه‌ندیكاكه‌یان پڕۆژه‌یه‌كی بۆ دروستكردنی شارێك بۆ رۆژنامه‌نووسان له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان له‌به‌رده‌ستدایه‌ و له‌م رۆژانه‌دا له‌گه‌ڵ وه‌زیری شاره‌وانیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش قسه‌یان له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه‌ كردووه‌.
گوتیشی: \"له‌ مانگی داهاتووش وا بڕیاره‌ كه‌ ده‌سته‌ی نیشته‌جێبوون له‌ كوردستان دروست بكرێت ئه‌وه‌ بۆ پڕۆژه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا قسه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ شارێك هاوشێوه‌ی شاره‌كانی كه‌ بۆ توێژه‌كانی دیكه‌ی وه‌كو مامۆستا و ئه‌ندازیاران دروست ده‌كرێت بۆ رۆژنامه‌نووسانیش هه‌بێت\"".
له‌باره‌ی خاڵه‌كانی پێدانی یه‌كه‌كانی ئه‌و شاره‌شه‌وه‌، ئازاد حه‌مه‌ده‌مین جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ میكانیزمێكی گونجاو به‌پێی خاڵ و ریزبه‌ندی داده‌نێن، تاوه‌كو گله‌یی رۆژنامه‌نووسانیان له‌مباره‌وه‌ نه‌كه‌وێته‌ سه‌ر.
گوتی: \""پشكی شێر بۆ ئه‌ندامانی سه‌ندیكاو دواتر پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری و سوودمه‌ندنه‌بوون له‌ حكوومه‌ت و خزمه‌تی كاری رۆژنامه‌وانی، خاڵه‌كانی ریزبه‌ندیی وه‌رگرتنی یه‌كه‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌بن\"". "
Top