یۆنسكۆ منارەی مێژوویی حەدبای موسڵ نۆژەن دەكاتەوە
سەرچاوەیەك لە پارێزگای نەینەوا لە لێدوانێكدا ڕوونی كردەوە كە پارێزگاری موسڵ وڕێكخەری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەردەو زانست وڕۆشنبیری(یۆنسكۆ) بۆ كاروباری پارێزگاكانی عیراق بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لەبەرپرسانی تەكنیكی و ئەندازەیی لە بارەگای پارێزگاكە ئەم یاداشتنامەیەیان مۆر كردووە كە بەم پێیە یۆنسكۆ دەست دەكات بە هەڵسەنگاندنی رەوشی منارەكەو دواتر پێشكەشكردنی ڕاپۆرتێك سەبارەت بە هەنگاوەكانی پاراستن و نۆژەنكردنەوەی منارەكە.
شایانی باسە منارەی حەدبا بە شاكارێكی دێرینی ئیسلامی وشارستانی ومێژوویی لە پارێزگاكە دادەنرێت،ئەو منارەیەش دەكەوێتە گۆڕەپانی مزگەوتی ئەلنوری یان مزگەوتی گەورە لە بەری چەپی خۆرئاوای شاری موسڵ،بە پێی سەرچاوەكانی مێژوو نورەدین زەنگی لەسەدەی شەشەمی كۆچی دروستیكردووە ،واتا تەمەنی نۆ سەدەیە,لە ئێستاشدا ئەم منارەیە زۆر لاربۆتەوەو مەترسیی ڕووخانی لێدەكرێت، حكومەتی عێراقیش بە تایبەتی لە ساڵانی هەشتاكان زۆر جار هەوڵی داوە نۆژەنی بكاتەوە بەڵام هەوڵەكانی بێ ئاكام بووە.