لۆگۆیەکی نوێ بۆ گەشتیاریی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێت

لۆگۆیەکی نوێ بۆ گەشتیاریی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێت
15 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- گوتەبێژى دەستەى گشتیى گەشتوگوزارى هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستەکەیان لۆگۆیەکی نوێ بۆ گەشتیاری هەرێمی کوردستان دیارى دەکات بۆ ئەم مەبەستە داوا لە گشت هونەرمەندان دەکات کە بۆ ئەو مەبەستە لۆگۆ دروست بکەن و بۆ دەستەکەی بینێرن.

گوتەبێژى دەستەى گشتى گەشتوگوزارى هەرێمی کوردستان، نادر رۆستى، بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند: \"دواى وەرگرتنى لۆگۆکان و هەڵبژاردنى باشترین و شیاوترینیان کە مەرجمان بۆى داناوە خاوەن لۆگۆی براوە کە ئەنجومەنی دەستە بڕیاری لەسەر دەدات، خەڵات دەکرێت\"".
نادر رۆستى گوتى: مەرجەکان بریتین لە لۆگۆکە زۆر سادەبێت، هەروەها تایبەتمەندی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە شێوەی هونەری لە خۆى بگرێت.
گوتەبێژستەى گشتى گەشتوگوزارى هەرێم هێماى بۆ ئەوەشکرد، بڕیارە ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان یادی رۆژی گەشتوگوزاری جیهان لە شاری سلێمانی بەرێوەبچێت، بۆ ئەم مەبەستە ئەنجومەنی دەستەی گشتی گەشتوگوزار بریاری دا کە لە رۆژی ٢٧و ٢٨ / ٩ / ٢٠١٢ بە چەند چالاکیەک یادی رۆژی گەشتوگوزاری جیهانی لە شاری سلێمانی بە فەرمی بەرێوەببات و گشت بەرێوەبەرایەتیە گشتییەکانی گەشتوگوزاری کوردستان بەشداری تێدا بکەن و تێیدا بەرێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی چەند چالاکیەک لە ژێر سەرپەرشتی دەستەی گشتی گەشتوگوزار ساز دەکات.
نادر رۆستى ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بەبۆنەی رۆژی گەشتوگوزاری جیهانی لە ٢٧/٩/٢٠١٢ جوانترین وێنە (فۆتۆ) و باشترین بابەت و چاکترین ریبۆرتاژی تەلەفزیۆنی و رێکترین کورتە فیلمی دیکۆمێنتی لە بارەی رەوشی گەشتیاری هەرێمی کوردستان، لە لایەن راگەیاندنی دەستەی گشتی گەشتوگوزار خەلات دەکرێن، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە هاوڵاتیان و راگەیاندنەکان دەکەین بابەتەکانیان لە راگەیاندنەکان بڵاو بکەنەوە و وێنەیەک بۆ راگەیاندنی دەستەی گشتی گەشتوگوزار بنێرن و دوا کات بۆ گەیشتنی بابەتەکان رۆژی ٢٥/٩ دەبێت. دواتر یەکەمەکان رادەگەیەنرێن و خەڵات دەکرێن."
Top