هەواڵدەریی ئیرنا: هەتا ئێستە 400 ئەندامی سوپای پاسداران لە سووریا كوژراون

هەواڵدەریی ئیرنا: هەتا ئێستە 400 ئەندامی سوپای پاسداران لە سووریا كوژراون
هەواڵدەریی فەرمیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە 400 ئەندامی سوپای پاسداران لەژێر ناوی “پارێزەرانی مەزارگەی حەزرەتی زەینەب” لە سووریا كوژراون.

هەواڵدەریی ئیرنا، لە راپۆرتێكدا لەبارەی ئەسپەردەكردنی پێنج ئەندامی دیكەی سوپای پاسداران بەناوی “لەشكری فاتمیوون” كەلە سووریا لە شەڕ لەدژی داعش كوژراون، بڵاوی كردووەتەوە لە ماوەی زیاتر لە 4 ساڵی رابردوودا 400 كەسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچە جیاجیاكانی سووریا كوژراون.

لە درێژەی راپۆرتەكەی ئیرنادا هاتووە، “لەشكری فاتمیوون” یەكێك لە یەكە سەربازییە شیعەكانی سوپای پاسدارانە لە سووریا كە ئەركی پاراستنی “مەزارگەی حەزرەتی زەینەب”یان لە ئەستۆیە كە زۆربەیان لە شیعەكانی ئەفغانستان پێكهاتوون.

ئەو راپۆرتەی ئاژانسی ئیرنا لە كاتێك دایە كە ئەو پێنج كەسە ناسنامەی ئێرانییان هەبووە و بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، حكوومەتی ئێران لە بەرانبەر دانی مانگانە نزیكەی 5 ملیۆن تمەن پارە شیعە ئەفانییەكانی رەوانەی بەرەكانی شەڕ لە سووریا دەكات.

“پارێزەرانی حەرەم” نازناوێكە كە لەلایەن ئێرانەوە بۆ هەندێ‌ لە ئەندامانی سوپای پاسداران، بەسیج و بەگشتی هێزە شیعە مەزهەبەكان دیاری كراوە كەلە عێراق و سووریا ئامادە ن ئەركیان پاراستنی مەزارگە و شوێنە ئایینییەكانی ئیمامی شیعەكانە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە شارەكانی مەشهەد، تاران، ئیسفەهان، تەورێز، كرماشان و قۆم رێوڕسەمی بە خاكسپاردنی ئەندامانی كوژراوی سوپای پاسداران لە عێراق و سوویا بەڕێوە چووە.

ئەم راپۆرتەی هەواڵدەریی ئیرنا لە كاتێك دایە بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێران هەموو كات حاشایان لە بوونی هێزی سەربازیی ئێران لە عێراق و سووریا كردووە و بەناوی پارێزەرانی مەزارگە و راوێژكاری سەربازی ناودێریان كردوون.




















باسنيوز
Top