سەردانی بارزانی بۆ ئەمریكا رووداوێكی مێژوویی بوو بەتایبەتی كە ئاڵای كوردستان و ئەمریكا پێكەوە دەشەكانەوە
پڕۆفیسۆر دیڤید ئێڵ فلیپس، بەڕێوەبەری پرۆگرامی بونیادنانی ئاشتی و مافەكانی مرۆڤ لە زانكۆی كۆلۆمبیا، یەكێك بووە لە راوێژكارانی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و پێشتریش یەكێك لە راوێژكارانی پسپۆڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بووە. پڕۆفیسۆر فلیپس خاوەنی توێژینەوەی هاوبەشی دەسەڵات و داهاتە لە عێراقی نوێ و ئەم دیراسەتەشی لە نووسینەوەی دەستووری عێراقدا یارمەتییەكی زۆری عێراقییەكانی داوە. بۆ قسەكردن لەسەر بایەخی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ئەمریكا و ئاسۆی پێوەندییەكانی كورد و ئەمریكا، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەنجامدا و بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی.
* گرنگیی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ واشنتۆن لە چیدا بوو؟
- زۆر گرنگ بوو كە سەرۆك بارزانی لە لایەن سەرۆك ئۆباما و جۆزیف بایدنی جێگری سەرۆكەوە، پێشوازی لێكرا. ئەوان لە پێناو بەرفراوانكردنی چالاكییەكانیان دژ بە تیرۆریزم، گفتوگۆیان لە بارەی بارودۆخی كوردستان و پرسی پێشمەرگەوە كرد. هەروەها گفتوگۆیان لە بارەی داواكاری و خواستی دیاری كراوەوە بۆ دەستەبەركردنی چەك بۆ پێشمەرگە كرد. لە كاتی كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ كۆشكی سپی و پەنتاگۆن، دڵنیایی بە سەرۆك بارزانی و شاندەكەی درا، كە چەكی پێویست بۆ پێشمەرگە دەستەبەر دەكرێت. زۆرێك لە ئەمریكییەكان خۆشحاڵ بوون كە ئاڵای كوردستان لە پاڵ ئاڵای ئەمریكادا لە كاتی چاوپێكەوتنی سەرۆك ئۆباما و سەرۆك بارزانی-دا دەشەكایەوە.
* بینیمان بارزانی و شاندی یاوەری و وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی پەنتاگۆن كۆبوونەوە، ئایا دەستكەوتەكانی ئەو كۆبوونەوەیە چی بوون؟
- من لەو كۆبوونەوەیەدا نەبووم، لەبەر ئەوە ناتوانم لەو بارەیەوە بدوێم. بەڵام گفتوگۆیەك هەیە لە بارەی ئەوەی ئایا پێویستە ئەمریكا لە ڕێی حكومەتی عێراقەوە چەك دابین بكات، یاخود نا؟ ئایا ڕێگەی كاراتر هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ پێداویستییەكانی پێشمەرگە دەستەبەر بكرێن؟ سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە پێشوازی لە دەستەبەركردنیان دەكات بە هەر شێوەیەك بێت كە بۆ كوردستان و ئەمریكا باش بێت. گرنگە هێزی پێشمەرگە بكرێتە هێزێكی پڕۆفیشناڵ بۆ ئەوەی وەك سوپایەكی نیشتمانی كار بكات، ئەمەش پێویستی بە یەكخستنەوەی پێشمەرگە و ئاسایش و هەواڵگری هەیە، هەروەها دەبێت نەفەسی حزبی لە هەموو پرسە ئەمنییەكان دوور بخرێتەوە.
* پێش سەردانەكەی بارزانی، باس و خواستی ئەوە هەبوو كە بەپێچەوانەی ڕابردووە، ئەمجارە ئەمریكا باشتر گوێ بۆ خواستەكانی كورد دەگرێت، بە دڵنیاییەوە مەبەستمان لە خواستی سەربەخۆییە، ئایا پێتانوایە مەیلی پشتیوانیكردن لە سەربەخۆیی كوردستان لە ئارادایە؟
- پێموا نییە ئەمریكا لە ئێستادا پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان بكات. لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕم وایە لە بارەی هەنگاوهەڵگرتنی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی هۆشیارییەكی ڕوو لە زیاد هەیە. بەڵام دەبێت ئەوە یەكلا بكرێتەوە كە كەی و چۆن و لە سایەی چ هەلومەرجێكدا ئەم بڕیارە دەدرێت. واقیعێك هەیە، میلیشیا شیعەكان كە لەلایەن ئیرانەوە كۆنتڕۆڵ كراون، زاڵن بە سەر هێزەكانی سوپای عێراقدا. ئەگەر ئەمریكا جددییە لە بارەی لاوازكردن و لە ناوبردنی داعشەوە، ئەوا دەبێت لەگەڵ ئەو كەسانەدا كار بكات كە توانا و ئیلتیزامیان هەیە. كوردستان ئیلتیزامی خۆی بە بەها ڕۆژئاواییەكانەوە پیشانداوە، هەروەها كوردستانی عێراق باشترین دۆستی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا و پابەندە بەوەی لە رووی ئەمنییەوە لە نزیكەوە هاوكاری بكات.
* چۆن لە بڕیاری لیژنە سەربازییەكەی كۆنگرێس دەڕوانیت كە پەیوەست بوو بە پێدانی چەك بە پێشمەرگەوە؟
- هۆشیاریەكی ڕوو لە زیاد هەیە لە واشنتۆن كە عێراق بە قووڵی دابەش بووە و ناكارایە. بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە شەڕەكەی تكریت و شوێنەكانی دیكە لە ئەنبار خزمەتی بە ئاشتەوایی نیشتمانی نەكرد. ئەگەر سیاسەتێك كە بەغدا لە سەرەتاوە پیادەی كردبێت، هەڵە و كەم و كورتی تێدایە، ئەوا حكومەتێكی كاریگەر لە عێراقدا بوونی نییە. بەڵام كوردەكان پابەندبوونی خۆیان بە دیموكراسی و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش سەلماندووە و لە كوردستانی عێراق و ناوچەكەدا بەرگری لە كەمینەكان دەكەن.
* ئایا هیچ هەنگاوێك هەیە بۆ ئەوەی چەكی قورس بە پێشمەرگە بدرێت؟
- باوەڕم وایە پێویستە چەكی قورسی هێرشبەر بدرێتە پێشمەرگە و بۆ رزگاركردنی خاك و وەشاندنی گورزی كوشندە لە داعش بەكاری بهێنێت. تاوەكو ئێستا ئەمریكا چەكی بەرگری سووك و مامناوەندی بۆ پێشمەرگە دەستەبەر كردووە. بەغدا پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە دەبێت سەرجەم چەكەكان بە ڕێگەپێدانی ئەوان دابین بكرێت و پاشان بدرێنە پێشمەرگە. باوەڕم وا نییە ئەمە كاراترین ڕێگە بێت بۆ سەقامگیركردنی هەرێمەكە و لە ناوبردنی داعش. پێویستە كوردەكان ڕاستەوخۆ چەك لە ئەمریكا و هاوپەیمانیی فرەنەتەوە وەربگرن و پێویستە چەكی قورسیان پێ بدرێت بە چەشنی ئەوەی ئەمریكا بۆ بەغدای دەستەبەر دەكات. هیچ ئەگەرێك نییە كوردستانی عێراق ئەو چەكانە لە دژی هێزەكانی سوپای عێراق بەكار بهێنێت، دوای ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی. سەرۆك بارزانی بە ڕوونی ڕایگەیاندووە كە كوردستانی عێراق ڕێگەی گفتوگۆ دەگرێتەبەر بۆ ڕێككەوتن لەسەر مەرجەكانی جیابوونەوە و سەربەخۆیی لە عێراق.
* وەك دەزانن بەغدا لەبارەی بەشە بودجەوە پابەند نابێت بە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ كوردستاندا، بۆیە پرسیار ئەوە دەكرێت كە بۆچی ئەمریكا بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە فشار لەسەر بەغدا دروست ناكات؟
- ڕێككەوتنەكەی بەغدا هەنگاوێكی ئیجابی بوو، بەڵام شكستی حكومەتی عێراقی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لەگەڵ كوردستان، گومانی جددی ورووژاند لە بارەی ڕاستگۆیی و توانایەوە وەك شەریكێكی باوەڕپێكراو. سەرۆك وەزیرانیش (عەبادی) نەیتوانیوە پابەندبوونەكەی خۆی جێبەجێ بكات. پێویستە بەغدا پابەندبوونی خۆی بە ڕێككەوتنەكەی بەغدا بسەلمێنێت، ئەگەرنا كوردەكان متمانەیان بە دەرفەتی هاوكاریكردن لە دەست دەدەن، ئەمەش دەبێتەهۆی خێراتركردنی لەبەریەك هەڵوەشانی عێراق.
* ئایا هیچ بەدیل و بژاردەیەكی دیكە لەبەردەم كوردەكاندا هەیە؟
- كوردستان پێویستی بە ڕاڕەو و دەروازەیەكە بۆ جیهان. توركیا سەلماندی شەریكی باوەڕپێكراو نییە لە كاتی قەیرانەكەی مانگی ئابدا. هەرچۆنێك بێت، كارێكی باشە دوای هەڵبژاردنەكانی 7ی حوزەیران درێژە بە گفتوگۆ بدرێت لەگەڵ ئەنقەرەدا بۆ ئەنجامدانی هاوكاری نوێ. ڕەنگە دەروازەیەكی دیكە بریتی بێت لە ڕۆژئاڤا و بەشەكانی سووریا. كەواتە گرنگە هەرێمی كورستان و پەیەدە پەیوەندی بەردەوامیان هەبێت و ئاشتەوایی نێوانیان قووڵ بكەنەوە و ڕێگەی بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیان بدۆزنەوە، كە ئەو بەرژەوەندییانەش بەرژەوەندیی كوردەكانن. ئەم هاوكارییە لە كۆبانێ پیادە كرا. گرنگە بینا لەسەر ئەم هاوكارییە بكرێت، بۆ ئەوەی كوردەكانی ناوچەكە پێكەوە كاربكەن. هەڵبژاردنەكانی داهاتووی توركیا یەكلاكەرەوەیە. ئەگەر بەدەپە بەربەستی لە سەدا دە بشكێنێت، ئەوا دەستڕۆیشتووییەكی گەورەیان بەسەر حكومەتەكەی ئەنقەرەوە دەبێت.
* بارزانی سەردانی هەنگاریا و چیكی كرد، كۆماری هەنگاریا گوزارشتی لە پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان كرد، ئایا تا چ ڕاددەیەك ئەمە هەنگاوێكی گرنگە؟
- گرنگە پشتیوانییەكی بنكەفراوان و ناوچەیی هەبێت بۆ سەربەخۆبوونی كوردستان، بەتایبەتی كە ئێران و توركیا بەرهەڵستی دەكەن. لە كۆتاییدا پشتیوانی ئەمریكا گرنگترین پشتیوانییە. ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە گەشتەكەی بارزانی بۆ واشنتۆن بەشێكی گرنگ بوو لە گفتوگۆكە، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە ڕۆژێكی دیاریكراودا ئەنجام نادرێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت، بنیادنانی دەوڵەتێكی كارا كاتی دەوێت. لە ئێستادا گرنگە هەرێمی كوردستان بیسەلمێنێت كە بە ڕاستی ئامادەیە بۆ خۆبەڕێوبەری، بۆ ئەوەی بتوانێت پەرە بە پەیوەندی نێودەوڵەتی بدات و پشتیوانی سیاسیی زیاتر بەدەست بێنێت.
* لە كاتێكدا سەرۆك بارزانی سەركردەیەكە لە بەرەی پێشەوەی شەڕی تیرۆریستاندایە، لێكدانەوەتان بۆ ئەو سەردانەی لە ئەمریكا چییە؟
- سەردانەكەی بارزانی ڕووداوێكی مێژوویی بوو. پێنج ساڵ بە سەر دوا سەردانیدا بۆ واشنتۆن تێپەڕیبوو. لەو ماوەیە گۆڕانكاریی زۆر ڕوویانداوە. پێویستە ئیدارەی ئۆباما لە نزیكەوە گوێ لە بۆچوونی كورد عێراق بگرێت و هاوكارییە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا قووڵتر بكاتەوە.
* پەیامتان بۆ خەڵكی كوردستان چییە؟
- بژی ئازادی و دیموكراسی.