گۆڕانكارییە ئاووهەواییەكان ڕووەكەكانیشی باریكتر كردوون

 گۆڕانكارییە ئاووهەواییەكان ڕووەكەكانیشی باریكتر كردوون
16 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- توێژەرانی زانكۆی (ئادێلاید)ـی ئۆسترالیا بۆیان دەركەوت گۆڕانكارییە ئاووهەواییەكان هۆی باریكتربوونی چەند جۆر ڕووەكی ئۆسترالیایی لێ كەوتووتەوە.

ئەو توێژینەوە باس لە پێوەندیی نێوان ئاووهەوا و ڕووەكەكان دەكات و دووپاتی دەكاتەوە كە گۆڕانكارییە ئاووهەواییەكان كاریگەرییان لەسەر ڕووەكەكان هەیە.

لە پڕۆژەیەكی زانستیدا توێژەران هەستان بە تاوتوێكردنی هەندێك گەڵای وشككراوی (Narrow-leaf Hopbush) كە لە دەیەی 1880 ـەوە بەجێمابوو. ئەوان نموونەی گەڵای زنجیرە چیاكانی (فلیندێرز)ـیان لە باشووری (ئۆسترالیا)ـیان تاوتوێ كرد.

توێژینەوەكان دەریانخست پانیی گەڵاكان لە ماوەی 127 ساڵی ڕابردوودا دوو میلی مەتر كەم بووەتەوە. لە ماوەی ساڵەكانی 1950 تا 2005ـدا پلەی گەرما لەو ناوچەیەدا 1،2 پلەی سانتیگراد بەرز بووەتەوە بەڵام ڕێژەی بارانبارین گۆڕانكاری زۆر كەمی بەسەردا هاتووە.

بە پێی وتەی دكتۆر (گرگ گۆرین) زانای زانكۆی (ئادێلاید)ـەوە گۆڕانكارییە ئاووهەواییەكان بە بەردەوامی باسی لێوە دەكرێت، بەڵام لەو چەند دەیەی دواییدا گۆڕانكارییەكانی پلەی گەرما لەڕووی ژینگەییەوە جێی بایەخ بوونە.

ئەو لە درێژەدا دەڵێت: \"گۆڕانكارییە ئاووهەواییەكان خەریكی گۆڕانكاری خۆگۆنجینەرن لە نێو جۆرە ڕووەكییەكاندا و شێوەی گەڵاكانیش ئاماژە بەو جۆرە گۆڕانكارییە دەدات\"" و بۆمان دەردەكەوێت ڕووەكەكان خەریكی خۆگونجاندنن لەگەڵ گۆڕانكارییە ئاووهەواییەكاندا.

توێژینەوەی ئەو زانایانە ئاماژە بە پانیی گەڵاكان لەگەڵ پلەی گەرمای زیاتر دەكات و دەریدەخات ڕووەكەكانی ناوچە گەرمەكان گەڵای باریكتریان هەیە. گۆڕانكاری لە گەڵای (Narrow-leaf Hopbush)ـیش بێگومان پێوەندیی لەگەڵ گۆڕانكارییە ئاووهەواییەكاندا هەیە. بە پێی وتەی (گۆرین)ـەوە هەندێ جۆری ڕووەكی (ئۆسترالیا)ـیی بە بەراورد لەگەڵ ڕووەكەكانی دیكەدا باشتر خۆیان لەگەڵ بەرزبوونی پلەی گەرما دەگۆنجێنن.

بە دەستهێنانی زانیاری سەبارەت بە چۆنیەتی خۆگۆنجاندنی ڕووەكەكان لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا جێی بایەخپێدانە، چونكە ئەو جۆرانەی كە باشتر خۆیان دەگۆنجێنن دەتوانن لە بواری باشتركردنەوە و زیندووكردنەوەی دۆخی ژینگەییدا یارمەتیدەر بن. جۆرەكانی دیكەی ناوچەكە توانستی كەمتریان هەبوو بۆ خۆگونجاندن. ئەو جۆرە ڕووەكانە زیاتر پشت بە پڕۆسەی (كۆچكردن) واتە ڕۆییشتن لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە كە ئاووهەوای باشتر و گۆنجاوتری هەبێت، دەبەستن. بەڵام ئەو شێوازە لەو زەوییانەی بە هۆی چالاكی مرۆییەوە تووشی لەناوچوون هاتوونە تووشی كێشە دەبێت.

ئەنجامەكانی ئەو توێژینەوەیە لە گۆڤاری (Biology Letters)ـدا بڵاو بووەتەوە.

-سایتی هەولێر"
Top