كاره‌با له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت

 كاره‌با له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت
13 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)-تەكنەلۆژیایەك بە ناوی (پیزۆئەلیكتریك) هەیە، كە دەتوانێت لە جووڵەكانی جەستە كارەبا بەرهەم بهێنێت، بەڵام هەتا ئێستا كەس نەیتوانیوە گەرمای جەستە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەكار بهێنێت.

ئێستاكە پێدەچێت تەكنەلۆژیایەكی نوێ بە ناوی (Power Felt) ئەو پڕۆسەیە بهێنیتە دی.

(كۆری هیۆویت) قوتابیی دكتۆرای سەنتەری نانۆتەكنەلۆژی و ماكە مۆلۆكولییەكانی زانكۆی (ویك فۆرست) توانیی، بە شێوەیەكی سادە وزەی تێرمۆئێلێكتریسیتە یان گەرماكارەبایی لە ڕێگەی گەرمای جەستە بەدەست بهێنێت.

لەوانەیە ڕۆژێك دابێت، كە ژاكێتی ئێوە وزەی پێویستی مۆبایلەكەتان دابین بكات.

لێرەدا مەبەست پیزۆئێلێكترۆلیك نییە، كە بە هۆی جووڵەی میكانیكییەوە كارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵكوو مەبەست ماكێكی گەرماكارەباییە، كە ناوی (Power Felt)ـە و بە هۆی جیاوازیی پلەی گەرما كارەبا بەرهەم دەهێنێت.

(Power Felt) لە ڕاستیدا ئامێرێكی (تێرمۆئەلیكتریسیتە) یان گەرماكارەباییە كە دەتوانێت لە ڕێگەی گەرمای جەستەوە وزەی پێویست دابین بكات. سەرەڕای ئەوەیش جگە لە جەستە دەكرێت گەرمای پێویست لە ڕێگەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان یان سواڵەتەكانی سەقفەوە دابین بكرێت.

لەو مۆدیلەدا نانۆلوولە كاربۆنییەكان لە نێو ماكە پلاستیكییە نەرمەكاندا دادەنرێن و، كارەبا یە هۆی جیاوازی نێوان پلەی گەرمای جەستە و گەرمای هەوا بەرهەم دێت.

هەر ماددەیەك بە هەر پلەی گەرمایەكەوە ئەلیكترۆنی ئازادی هەیە. ئەگەر دوو ماددەی جیاواز لە دوو پلەی گەرمای جیاواز دابنێین كەمێك جیاوازی پۆتانسییەل ڕوو دەدات، كە دەكرێت سوودی لێ وەربگیرێت.

دەكرێت بڵێین (Power Felt) تەكنەلۆژیایەكی پێشكەوتووە، كە وزەی بەفێڕۆچووی ئامێرەكانی بەرهەمهێنی گەرما دووبارە بەكاردەهێنێت.

(Power Felt) دەتوانێت لە نێو كورسییەكانی ترۆمبێل و جلوبەرگە وەرزشییەكان و تەنانەت نێو بانداژەكانی برینیش دابنرێت و، لە هەموو حاڵەتەكاندا كەمێك گەرما دروست دەبێت، كە دەكرێ بە ئاسانی كۆ بكرێتەوە و كارەبای لێ بەرهەم بێت.

هەرچەندە پێشتریش ماددەی (تێرمۆئەلیكتریك) وەك (bismuth telluride) بەكار هاتووە، بەڵام هەندێك پێیان وایە (Power Felt) لە ڕووی ئابوورییەوە باشترە و پێیان وایە دەكرێت ئەو تەكنەلۆژیایە لە كاڤێر و بەرگی مۆبایلیش بەكار بێت و، لەو كاتەدا نرخەكەی تەنیا یەك دۆلار بەرز دەبێتەوە، بەڵام دەتوانێت بەشێك لە كارەبای مۆبایلەكەتان لە ڕێگەی گەرمای دەستتانەوە دابین بكات.

ئەو تەكنەلۆژیایە لەو شوێنانەی كە جیاوازیی پلەی گەرمای هەیە بەكار دێت.

بەڵام ئایا تەكنەلۆژیاكە دەركەوتەی پێویستی هەیە؟ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە گرنگە.

لە ڕاستیدا زانایان بە دوو هۆكار ئەو تەكنەلۆژیایە بەكار ناهێنن، تێچوونی زۆری لایەكانی نانۆلوولەكاربۆنەكان و پێشكەوتوو نەبوونی ئەو سیستەمە بە ڕادەی پێویست واتە بە شێوەیەك، كە بكرێت ڕێژەیەكی باشی وزەی ئەلیكتریكی بەرهەم بێت.

تەنانەت ئەگەر ئامێری(Power Felt) لە 72 لایەی نانۆنوولەی كاربۆن سوود وەربگرێت، تەنیا دەتوانێت 140 نانۆوات كارەبا بەرهەم بهێنێت و، ئەو ڕێژەیە زۆر كەمە. 140 نانۆ وات تەنانەت ناتوانێت مۆبایلیش شارژ بكاتەوە.

-هەولێر
Top