خوێندنەوەیەك بۆ راپرسییەكەی هەمواركردنی دەستوور لە توركیا .... سەلاح بەدرەدین
April 25, 2017
راپۆرتەکان
زۆر كەس پێی وایە كە ئەنجامەكان بەو شێوەیەی كە سیستمی حوكمڕانیی لە پەرلەمانییەوە گۆڕی بۆ سەرۆكایەتی وەك زۆر وڵاتانی جیهان نموونەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو فەرەنسا، ئەوا لێكەوت و دەرهاویشەكانی زۆر خراپ دەبن بۆ ئایندەی توركیا، بەمەش سەرۆك دەبێتە دیكتاتۆرێك و بە تەنیا وڵات بەڕێوەدەبات و بڕیارەكانیش بەپێی ئارەزوو بەرژەوەندیی خۆی دەردەكات، لێرەدا ئەو دیموكراسییە رێژەییەی كە لە وڵاتدا هەیە لەبەین دەچێت، بەڵام لەبەرامبەردا هەندێك وای بۆ دەچن كە ئەمە هیچ لە رەوشی توركیا ناگۆڕێت، بەڵكو مەركەزییەت لە بابەتی حوكمڕانی و ئیدارە زۆر گونجاوترە بۆ وڵاتێكی وەك توركیا، كە بەدەست چەندین كێشە و قەیرانەوە دەناڵێنێت بە تایبەتیش مەترسیی تیرۆر و ململانێی مەزهەبی لەگەڵ بوونی كێشەی كورد كە بێ چارەسەر ماوەتەوە، ئەمە سەرباری هەندێ گرفت و كێشە لەگەڵ ئەوروپاداو كاریگەریی رەوشی سوریاو كاردانەوەی بۆ سەر ئەو وڵاتە. من پێموایە كە گۆڕانكارییەكە لە شێوەی سیستەمی سیاسی زۆر بەو قووڵییە نییە، چونكە پێش راپرسییەكەش حزبی فەرمانڕەوای سەرۆك ئۆردوغان زۆرینەی پەرلەمانیی هەبوو بە هاوپەیمانیی لەگەڵ حزب و گرووپەكانی دیكەدا، دەشیتوانی هەموو بابەت و پرسەكان لە رێگەی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنەوە تێپەڕێنێت، لەگەڵ كۆنتڕۆڵكردنی تەواوی سوپا و دەزگاكانی ئاسایش، هەروەها ئۆردوغان خۆی خاوەن بڕیاری كۆتایی بوو لە هەموو پرسەكانداو بە ئاگاداری و سەرپەرشتیی ئەو ئەنجام دەدران، تەنانەت پێش كودەتاكەش هەر خۆی باڵادەست و بڕیاردەربووە.
لەلایەكی دیكەوە، چونكە حزبی فەرمانڕەوا و بە دەستپێشخەریی سەرۆكەكەی هەنگاوی بەرچاوی ناوە بە ئاراستەی چارەسەری پرسی كورد و ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ سەرۆكی پارتی كریكارانی كوردستان كە لە زینداندایە، بۆیە دەبینین كە دەركەوت دیالۆگی (فیدان هاكان)ی بەڕێوبەری موخابەراتی توركیا لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجامی كۆنكریتیی هەبوو، بێ ئەوەی بەیەكجاری یەكلایی بكرێتەوە، نەخاسمە كە سەركردایەتیی هەرێمی كوردستانی عێراق و بە تایبەتیش سەرۆك مسعود بارزانی ناوبژیی كرد لەسەر داوای هەردوولا، بۆیە دوور نییە بە حوكمی دەسەڵاتەكانی ئۆردوغان درزێك بخاتە دیواری قەیرانەكەوەو بڕیارگەلێك دەربكات لە بەرژەوەندیی چارەسەردا بێت، كە حكومەت ناتوانێت بە تێكڕا ئەمە بێنێتە دی، بە هۆی جیاوازیی بۆچوونی ئایدیۆلۆجیی نێوان سیاسەتوانانی تورك لەهەمبەر كورد و كێشەو مافەكانیان، ئەمە پێگەی سەرۆك بەهێزدەكات و خەڵكی كوردستانی توركیا زیاتر رووی تێدەكەن، دوای ئەوەی كە بۆمان دەركەوت كە زۆرینەی خەڵكی ناوچە كوردییەكان بە بەڵێ دەنگیان بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور دا.
دیارە كاتێ كوردی توركیا بەو شێوە بەرچاوە روویان لە سندوقی دەنگدان كرد و بە بەڵی بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور دەنگیان دا، بەڵگەی ئەوەیە كە لە رووی سیاسییەوە لە هەڵوێستەكانی حزبی فەرمانڕەوا رازین و لۆژیك و سیاسەت و رەفتارەكانی پەكەكە لەمەڕ كێشەی كورد لە توركیا رەت دەكەنەوە، هاوكات لەهەمبەر هەڵوێستی گشتی بارودۆخی توركیا و سیاسەتی وێرانكارەی بەرامبەر كوردی سوریاو كێشەی گەلی سوریا، هاوكات هەڵوێستی دوژمنكارانەی پەكەكە بەرامبەر سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان و سەرۆكەكەی رێزدار مسعود بارزانی، وێڕای پەیوەندیی سەركردایەتیی قەندیل بە ئەجیندای ئێران لە ناوچەكەدا.
توركیا لایەنی سەرەكییە لە ململانێدا لە سوریاو ناوچەكە بەگشتی، ئەو لە پێشەوەی هاوپەیمانانی رۆژئاوادا دێت، هەتا بەرامبەر رژێمی سوریاو ئێران، بۆیە تەنیا بە بەهێزكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك ئۆردوغان دەكرێ رۆڵی توركیا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەهێزتر بكرێت، هەروەها پەوەیندیی تەلەفۆنیی سەرۆكی ئەمریكا بە سەرۆكی توركیاوە بەڵگەیەكی دیارە، هاوكات بروسكەی شای سعودیە بەڵگەیەكی دیكەیە، بێ گومان هەڵوێستی گشتیی ئەوروپا لەهەمبەر رووداوەكەی توركیا دوژمنانە نەبوو، هەرچەندە هەندێك لەو وڵاتانە سەرنج و تێبێنییان هەبوو، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاوبگرین كە مەرج نییە هەموو سیاسەتەكانی ئەوروپاو رۆژئاوا دروست و پەسند بن لە هەمبەر وڵاتانی رۆژهەڵات بە گشتی و توركیا بە تایبەتی.
بەڵێ، هەندێ سەرنج هەن لەسەر پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبی فەرمانڕەوا، تەنانەت مەترسی لە رەفتارو هەڵسوكەوتەكانی، رەنگە ئەمە دوای هەمواركردنەوەی دەستوور دوو ئەوەندە بگرە زیاتریش بێت، لەبەر چەند هۆیەك دیارترینیان پەیوەندیی ئایدیۆلۆجیی ئەو حزبە بە رێكخراوی جیهانیی ئیخوان موسلمینەوە، هەرچەندە سەرۆك ئۆردوغان پێشتر لە سەردانێكیدا بۆ میسر و لەسەردەمی حوكمڕانیی ئیخوان موسلمین لە لێدوانێكیدا بۆ پەرلەمانی ئیخوان دووپاتی كردبۆوە كە دەوڵەتی توركیا عەلمانییەو حكومەتەكەی ئیسلامییە و دەبێ ئیخوان موسلمینیش هەمان رێچكەی وڵاتەكەی ئەو بگرنەبەر، دیارە تا ئێستاش سەرۆكی پارتی دادو گەشەپێدان پابەندە بەو هەڵوێستەوە، نەك بە ویستی خۆی بەڵكو لەبەر چەند فاكتەرێكی بابەتی كە پەیوەستن بە پەروەردەو چەمكەكانی كۆمەڵگەی توركیاو فرە نەتەوەیی و مەزهەبییەوە، هەروەها بە ئەندامێتیی بەردەوامی بە ئەوروپا و ئابوورییەكەی كە لە بەشێكیدا پشت دەبەستێت بە گەشتیاریی، هاوكات لەناو هەمان ئەو حزبەدا كەسانێك هەن هیوادەخوازن حزبەكەیان هاوشێوەی حزبە دیموكراسییە مەسیحییەكان بێت لە ئەوروپا كە تەنیا بەناو مەسیحین و لە بیناكردنی دەوڵەتدا ئایین پەیڕەوناكەن.